بارزانى: دەبێ ڕێككەوتنێكی ورد و روون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئۆباما له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تاووتوێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، رایگه‌یاند، دەبێ ڕێككەوتنێكی ورد و ڕوون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ لە پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی هەموو لایەك ژیانێكی تازە بنیات بنرێت.

بارزانی وێڕای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ هاوكارییه‌كانییان له‌ شه‌ڕی دژی داعش، دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ چیتر كارەسات دەرهەق پێكهاتەكان و بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان ڕوو نەدات و ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەو كارەسات و زوڵمەی لە لایەن داعشەوە بەرانبەر ئێزیدی و مەسیحییەكان كراوە هەرگیز فەرامۆش ناكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئۆباما، سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و خۆشحاڵی خۆیشی به‌ هه‌ماهه‌نگی و كاركردنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشاندا.

برێت مه‌كگورك، رایگه‌یاند، به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، جگە لەلایەنی سەربازیی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەركیز بخرێتە سەر لایەنی مرۆیی و سیاسیی ئۆپڕاسیۆنەكە.

مه‌كگورك بۆچوونی باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای له‌ باره‌ی ئۆه‌پراسیۆنه‌كه‌ خسته‌ڕوو و سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرد، كه‌ له‌ سایه‌ی قوربانیدانی ئه‌وانه‌وه‌ ئێستا رێكخراوی داعش، له‌ پاشه‌كشێدایه‌.