لە زاخۆ بەردی بناغە بۆ سێ قوتابخانەی نوێ دانرا
K24 - هەولێر
لە ژێر چاودێریی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی سێ قوتابخانەی نوێ لە سنووری ئەو ئیدارەیە دانرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-02-2024، لەژێر چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گوژمەی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار؛ بەردی بناغەی سێ قوتابخانەی نوێ لە سنووری زاخۆ دانرا.
سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بێجگە لەم سێ قوتابخانەیە؛ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردی بناغە بۆ هەشت قوباتخانەی دیکەش دانراوە، بەشێکیان تەواوبوون و بەشێکی دیکەشیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
بە گوتەی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ماوەی دوو سێ مانگی داهاتوودا کارەکانی چەند قوتابخانەیەک تەواو دەبن و دەخرێنە خزمەتی قوتابیانی زاخۆدا. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی ئەو قوتابخانانەی دروستدەکرێن، 12 پۆلین.
گوهدار شێخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی پەروەردە داوە و، دووپاتیشی کردەوە، پەروەردە کەرتێکی سەرەکی و گرنگی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە بۆیە ئەوانیش گرنگییەکی تایبەتیان پێ داوە.
وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی کرد، پلان و بەرنامەی باشتریان بۆ کەرتی پەروەردە دەبێت و، وەکو خۆی گوتی، لەمساڵدا تاوەکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 39 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و چەندین قوتابخانەی نوێیان دروستکردوون.
گوهدار شێخۆ جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبرنی کەرتی پەروەردە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام دەبن و دەیانەوێت ئاستی زانستی و رۆشنبیری قوتابییان بەرزبکەنەوە هەر وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێنوێنی کردوون.