گەشەی ئابووری ئێران لە پاشەکشەدایە

K24 – هەولێر:
سەرەڕای بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی حکومەت و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران، داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی خاوبووەتەوە، هەریەکە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و وزەش چوونەتە نێو قۆناغی پاشەکشە، پێشبینیش ناکرێت ئاستی گەشەکردنی کەرتی نەوت لە بەشداریکردنی گەشەی ئابووری بۆ 2024 بەردەوام بێت.
بە گوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران لە چارەکی چوارەمی 2023، بە رێژە 5.1% بووە و دووەمین چارەکە لەسەر یەک گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە خاوبوونەوە تۆمار بکات. لە کاتێکدا، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە چارەکی سێیەمی 2023 بۆ 7.1% دابەزی و لە چارەکی دووەم 7.9% بوو. هەروەها هەریەکە لە کەرتی کشتوکاڵ بە 1.0- و وزە کە کارەبا و گاز و ئاو دەگرێتەوە بە 5.6- پاشەکشەیان کردووە.
بەشێکی زۆری گەشە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەرێتەوە بۆ خەرجییە کۆنترۆڵنەکراوەکانی حکومەت. بەهای کۆتایی خەرجی بەکاربردنی گشتی بە پشتبەستن بە نرخی جێگیری 2011 لە ماوەی چارەکی کۆتایی 2023 بە 16.7% بە بەراورد بە هەمان ماوەی 2022 بەرزبووەتەوە. خەرجیەکانی کەرتی تایبەت بە 3.1% بەرزبووتەوە. هەر بۆیەوە گەشەی بەرهەمی ناوخۆ بەهۆی گەشەی خەرجییەکانی حکومەت بووە نەک باشتر بوونی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان.
کەرتی نەوت بە 21.8% گەشەی کردووە، بەهۆی هەناردەی زیاتر بۆ چین. داتاکانی رێکخراوی ئۆپێک دەریدەخەن بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە پاییزی 2022 لە خوار 2.7 ملیۆن بەرمیل بوو لە هەمان ماوەی 2023 بۆ 3.16 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبووەتەوە، هاوکات لە مانگی نۆڤێمبەرەوە گەشەی بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە، بۆیە پێشبینی ناکرێت بەرهەمهێنانی نەوت لە 2024 وەک هێزێکی بزوێنەر بۆ گەشەی ئابووری لە ئێران بمێنێتەوە.
هاوکات بەر لەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی بکشێتەوە و هاتنەوەی سزاکان لە 2018، ئێران بە بەرهەمهێنانی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت، رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.
ئامارەکان جەخت لەسەر ئاستەنگ و پاشەکشە بەردەوامەکانی ئابووری ئێران دەکەنەوە، خەرجییەکانی حکومەت بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، فشارە ئابوورییەکان لەسەر دانیشتووان بەردەوامن و ملیۆنان کەس لەنێو بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان چوونەتە نێو هێلی هەژاری، لەلایەکی دیکەوە خەمڵاندنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشەی ئابووریی ئێران کەمتر خەمڵاندووە و لە 2023 بە 3% و پێشبینی دەکەن لە 2024 بۆ 2.5% و لە 2025 بۆ %2 پاشەکشە بکات.