بێستون بەکر: لەمساڵدا هەزار و 500 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەمهێنراوە

K24- هەولێر
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا 23 مۆڵەتی فەرمی بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی ماسی دراوە، کۆی گشتی بەرهەمهێنانی ماسی لەو مۆڵەتانەی دراوە لەمساڵدا هەزار و 500 تۆنە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، لە کۆنفڕانسێکی رۆنامەوانیدا، بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ رایگەیاند، بڕیاردراوە لە (5/3/2024 تاوەکوو 15/6/2024) لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان راوە ماسی قەدەغەیە، جگە لە بەنداوی موسڵ لە 2/7/ 2024، راوە ماسی ئاسایی دەبێتەوە.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "بەرهەمی گۆشتی ماسی لە هەرێمی کوردستان و لە کابینەی نۆیەمدا کە کۆمەڵێک مۆڵەتی فەرمی دراوە بە خاوەن پڕۆژەکان بۆ بەرهەمێنانی گۆشتی ماسی، کە لە 23 مۆڵەت پێکدێت، بەرهەمهێنانی ئەو 23 پڕۆژەیە یەکێکیان زۆر ستراتیژی و گەورەیە تەنیا لەو پڕۆژە ساڵانە بەرهەمهێنانی گۆشتی ماسی هەزار و 100تۆنە. کۆی گشتی بەرهەمهێنان لەمساڵدا و لەم کابینەدا هەزار و 500 تۆنە بەو 23 پڕۆژە کە ئێمە مۆڵەتمان پێیانداوە.
راشیگەیاند، "ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتییان هەیە لە کابینەکانی پێشووتر و ئەم کابینەیەش 413 پڕۆژەن، کۆی بەرهەمهێنانیان چوار هەزار و 500 تۆن بەرهەمی گۆشتی ماسییە".