ئۆتۆمبێلێکی یەپەشە لە سنووری شنگال کرایە ئامانج

ئۆتۆمبێلێکی یەپەژە لە سنووری شنگال کرایە ئامانج
ئۆتۆمبێلێکی یەپەژە لە سنووری شنگال کرایە ئامانج

K24 - هەولێر

ئۆتۆمبێلێکی یەپەشە لە سنووری شنگال کرایە ئامانج و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) لە رێگەی نێوان شنگال و گرعوزێر لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.

بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بۆردوومانەکەوە، دوو چەکدار کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندارە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەیینیش، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە دەڤەری بەرگارە لە نزیک گوندی دێرەش لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، لە ئەنجامی بۆردومانەکە دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی چەکدارانی پەکەکە سووتان و دوو چەکداریش بریندار بوون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە.

بە گوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا؛ نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون.