جومانە غەلای بۆ کوردستان24: ماوه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگده‌ران درێژكرایه‌وه‌

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: بۆ مەبەستی بەشداریکردنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لە هەڵبژاردن، تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیکە درێژکرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەران بۆ پێنج رۆژی دیکە. ناوبراو روونیکردەوە، بڕیارەکە بۆ مەبەستی بەشداریکردنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەرە لە هەڵبژاردن.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: لەدایکبووانی ساڵی 2006ـیش دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشداری بکەن.

پێشتریش غەلای رایگەیاندبوو، تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، دوو هەزار و 347 کارتی بایۆمەتری بە دەنگدەران دراوەتەوە و پرۆسەی دابەشکردنەوەی کارتەکانی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستبووەڕوو، تاوەکو 21ـی ئەم مانگە 58 هەزار و 200 دەنگدەر تۆمارکراون، بەگوێرەی دوا ئامارەکانی بەردەست کۆی دەنگدەرانی تۆمارکراو دوو ملیۆن  300 هەزار و 42 دەنگدەرن، لە کۆی سێ ملیۆن و 739 دەنگدەر مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردن و دەنگدانیان هەیە.

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا و وەڵامی سکاڵاکانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دایەوە، بەگوێرەی ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.