حکومەتی یەمەن داوایەک لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات

کەشتی روبیمار
کەشتی روبیمار

K24 - هەولێر

حکومەتی یەمەن داوا لە هەموو وڵاتان و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات ژینگەی دەریای بپارێزن. هەروەها هەنگاوی کردەیی خێرا بگرنە بەر بۆ رزگارکردنی دەریای سوور لە کارەساتێکی ژینگەیی، ئەم داوایەش دوای 12 رۆژ لە بە ئامانجگرتنی کەشتی "روبیمار" دێت لەلایەن حوسییەکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "حکومەتی یەمەن لە کاتێکدا لە رێگەی شانەی قەیرانەکانەوە کار بۆ رزگارکردنی کەشتی روبیماری دەکرد تاوەکو دەریای سوور لە کارەساتێکی ژنگەیی بپارێزێت، لەو کاتەدا هێرشە ئاسمانییەکان بەلەمێکی ماسیگرانی یەمەنیان لە نزیک کەشتییە گیرخواردووەکە کردە ئامانج، کە بووە هۆی مردن و لەدەستدانی هەندێک لە ماسیگرەکان و زیانگەیاندن بە کەشتییەکە".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەت پشتڕاستی کردەوە کە ئەم بەئامانجگرتنە، "هەوڵەکانی رزگارکردن ئاڵۆزتر دەکات و هەڕەشەی کارەساتێکی ژینگەیی بەرفراوان دەکات."

 ئاماژە بەوەشکراوە، "وازهێنان لە کەشتییەکە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بە ژینگەی دەریایی و سەدان هەزار یەمەنی کە پشت بە راوکردنی ماسی دەبەستن".

 لە 18ـی شوباتدا حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بەریتانی لە کەنداوی عەدەن و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە کە خەریکە نوقم بێت.