کۆڕبەندی داهاتووی خانووبەرە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر
بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2006 زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، یەکەمین کۆڕبەندی داهاتووی خانووبەرە لە هەولێر، بە سپۆنسەریی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 و بە بەشداریی دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە کەرتی خانووبەرە و کۆمپانیاکانی عەقارات و راوێژکارانی خانووبەرە، لە هەولێر دەستیپێکرد.
لەمیانەی کۆڕبەندەکەدا سامان عارەب، بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر گوتی، بەپێی دوواین بڕیاری ئەنجومەنی باڵا، هاوکارییەکی باش لەنێوان وەزارەتەکانی شارەوانی و وەزارەتی داد و وەبەرهێنان بۆ تۆمارکردنی پڕۆژەکان قۆناغی باشییان بڕیوە.
بە گوتەی ئەوان: "لە ماوەی رابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پشکی شێرییان لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کردووە، دوای تاوانەکانی رژێمی پێشووی بەعس خواست لەسەر پڕۆژەکان زۆر بووە کە لە ساڵی 2006وە زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان بەو سێکتەرە دراوە و لە سەنتەری شارەکان زۆرترین وەبەرهێنان لەو بوارەدا هەبووە".
سامان عارە گوتیشی: توانیومانە تا ئاستێک بەپێی خواست کە لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەبووە لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش مۆلەتی وەبەرهێنانمان داوە. هەروەها پشتگیری لە فرەچەشنکردنی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان دەکەین، بەتایبەت ئەگەر پڕۆژەی پیشەسازی و کشتوکاڵ گەشتییاری پەرەی پێبدرێت".