پەرەند ئەحمەد: ئافرەت دەتوانێت لەیەک کاتدا سیاسەت، کڕین و فرۆشتنیش بکات
K24 – هەولێر
نێوەندگیرییەکی خانووبەرە رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە لە شوێنی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە لە بەشی کارگێڕی یاخود فرۆشتن، رۆڵی ئافرەتان ئێستا زۆر بووە، ئێستا ئافرەت دەتوانێت لەیەک کاتدا سیاسەت، کڕین و فڕۆشتنیش بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، یەکەمین کۆڕبەندی داهاتووی خانووبەرە لە هەولێر، بە سپۆنسەریی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 و بە بەشداریی دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە کەرتی خانووبەرە و کۆمپانیاکانی عەقارات و راوێژکارانی خانووبەرە، لە هەولێر دەستیپێکرد.
لە میانەی کۆنگرەکە پەرەند ئەحمەد زادە، نێوەندگیری خانووبەرە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە لە شوێنی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە لەبەشی کارگێڕی یاخود فرۆشتن، رۆڵی ئافرەتان ئێستا زۆر بووە، وەک رابردوو نییە کە هیچ ئافرەتێکت لە شوێنی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە نەدەبینی، بەڵام ئێستا ئافرەتان زۆر چالاکن و کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەبەن.
بە گوتەی ئەوان: "ئافرەتان هەوڵی خۆیان دەدەن باشترین کاری خۆیان لە کرینی فرۆشتنی خانووبەرە نیشابدەن، و ئافرەت مامەڵەی لەسەرخۆتر و ورد بینترن و دەتوانن داتایەکی باش بە کڕیاران بدەن، ئەوەی دەیبینین نەک ئەوەی ئافرەتان لەگەڵ ئافرەت مامەڵە دەکات، زۆربەی کات پیاوانیش چێژ وەردەگرن لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئافرەتان لە کڕین و فرۆشتندا، وەک ئەوە نییە بڵەی دەبێت پیاو بێت و زانیاری زۆرتربێت و دەبێت ئەو کارە بکات وانییە ئێستا زۆر شت گۆڕاوە".
پەرەند ئەحمەد زادە رایگەیاند، ژنان بە سیاسەتریشن لە هەندێک کاتدا، لەگەڵ نەرموونیانییەکەی ناتوانێت مافی خۆی یاخود کارەکەی بەفیڕۆ بدات، لە یەک کاتدا دەتوانێت بە سیاسەت کڕین و فڕۆشتن بکات و قازانج بۆ خۆی و کۆمپانیاکە بەدەست بهێنێت، یاخود بۆ ئەو شوێنەی کە کارمەندە و کاری تێدا دەکات.