ته‌واوی گونده‌كانی ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی پێشمه‌رگه رزگار كراون
هیزه‌كانی پێشمه‌رگه 120 كلیۆمه‌تری چوارگۆشه سنووری ناوچه‌كه رزگار كردووه
K24 – هه‌ولێر
له دووه‌مین رۆژی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی پێشمه‌رگه له هه‌ردوو میحوه‌ری گوێر و خازر 11 گوند رزگاركراون كه كه‌مێك پێش ئیستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ته‌واوی ئه‌و گوندانه له چه‌كدارانی داعش و نیشانه شكێنه‌كانی پاك كرده‌وه كه پێشتر كۆنترۆڵیان كردبوو.
سه‌رچاوه فه‌رمانده‌ییه‌كانی پێشمه‌رگه رایانگه‌یاند ته‌واوی پلانه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێكراوه و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به سه‌ركه‌وتووانه له كۆتاییه‌كانی نزیك بۆته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ رێگه‌ی نێوان گوێر و موسڵ به یه‌كجاری كۆنترۆڵكراوه و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه دایه، كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعوود بارزانی به‌ڕێوه ده‌چێت، كه هه‌ر دوێنی سه‌ردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری خازر كرد و ئاگاداری ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه بوو.
په‌یامنێری كوردستان24 له شوێنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه رایگه‌یاند تا ئیستا 120 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه له هه‌ردوو میحوه‌ری خازر و گوێر رزگاركراوه، كه ته‌نیا له میحوه‌ری گوێر 20 كیلۆمه‌تر پێشرهوییهكانی كردووه.
گونده‌كانی حاسوودە و كەنھەشی بچووك و كەنھەشی گەورە و شەنەف و ئۆمەرمەندان به یه‌كجاری رزگاركراون و به ته‌واوه‌تی له چه‌كدارانی داعش پاككراون و تیمه‌كانی ئه‌ندازیاری سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه گونده‌كانن له پاشماوه ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی داعش كه بۆ پێشیگرتن به پێشرهوییهكانی پێشمه‌رگه ده‌ستیان به دانانی مین و چاندنی بۆمب كردبوو.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له گوندی قهرهقهش، ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و خانووه گرت كه چه‌كدارانی داعش و نیشانه شكێنه‌كانی خۆیان تێیدا حه‌شار دابوو.
كه‌مێك پێش ئێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له نزیك گوندی قهرهقهش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبه‌كراوی داعشیان ته‌قانده‌وه، پێش ئه‌وه‌ی كه بتوانێ نزێكی پێشمه‌رگه ببێته‌وه.
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ماوه‌ی دوو رۆژ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی، زیاتر له 10 ئۆتۆمبێلی بۆمبه‌كراوی داعشیان تهقاتدۆتهوه و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی داعش گرتووه، كه كوردستان24 وێنه‌ی هه‌ندێ له‌و چه‌كانه بڵاو كردۆته‌وه.
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان ماوه‌ی دوو رۆژه له ئاسمانه‌وه پشتگیری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و ئامانجی داعشیان له‌ناو بردووه.
په‌یامنێری كوردستان24 له‌سه‌ر زاری فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه رایگه‌یاند له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا 120 چه‌كداری داعش كوژراون.