محەممەد عەبدولقادر بۆ کوردستان24: ته‌واوی لیسته‌كانی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەكراون
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واوی لیسته‌كانی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەكراون و له زووترین كاتدا ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن.
رۆژی سێشەممە (5ـی ئاداری 2024) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوه‌ی چوار رۆژ ده‌بێت كه تیمی تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به شه‌و و رۆژ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ن.
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری ئاماژەی بەوەشکرد: به هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واوی لیسته‌كانی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەكراون و له زووترین كاتدا ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن تاوەكو په‌له‌بكرێت لە ره‌وانەكردنی شایسته داراییەكان.
هاوکات محەممەد عەبدولقادر جەختیکردەوە، به‌پێی یاسای بودجه، پێویسته مانگانه به‌بێ دواكه‌وتن شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه ره‌وانه بكرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه كه بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوابكه‌وێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (4ـی ئاداری 2024) ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان بۆ به‌غدا ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت و هۆکاری دواکەوتنەکەشی بۆ ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێكانی وەزارەتی دارایی عێراق گەڕاندەوە.
لە هەمان رۆژدا، ئاوات شێخ جەناب، لەمیانی پێشوازیکردنی لە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەموو هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.
بە گوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن و کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێڕاقیش پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات.
رۆژی (28ـی شوباتی 2024) عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی كه په‌یامنێری كوردستان24 تێیدا ئاماده بوو، رایگه‌یاند، بە گوێره‌ی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووچه‌ی مانگی دووی مووچه‌خۆرانی هەرێم بەپێی ئەو لیست و زانیاریەیە کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی بەغدای دەکات، بەڵام بۆ مانگی سێ پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی هەژماری بانکییەوە دابینبکرێت.