لە هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرزی و دەرمانی لەشجوانی دا گیرا

K24 - هەولێر

ئاسایشی هەولێر لە فرۆشگایەکی تایبەت بە فرۆشتنی پڕۆتین (تەواوکارە خۆراکییەکان)ـی یاری لەشجوانی، دەستیگرت بەسەر بڕێکی زۆر دەرزی و دەرمانی قاچاخ.

د. محەمەد رەشید، بەرپرسی چاودێری دەرمان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەرزی هۆڕمۆنی گەشە کە کۆمپانیا بەشێوەیەکی فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، دوای ئەوەی هەڵسەمگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بۆ دەکرێت ئینج ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لێدەدرێت.

گوتیشی: ئەو هۆڕمۆنە بەشێک لە یاریزانانی لەشجوانی بۆ گەورەکردنی ماسولکە بەژاری دەهێنن، بۆیە شوێنی فرۆشتنی تەواوکارە خۆراکییەکان بەشێوەیەکی قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەیفرۆشن، هەروەها ئەو دەرزییە ماددەیەکی مەترسیدارە، دەبێت بە راچێتەی پزیشکی پسپۆر بەکار بهێنرێت، کە دوای چەندین پشکنین دکتۆر ئەو دەرزییە بۆ نەخۆش دادەنێت.

رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەرزی دەرمانانەی ئەو فرۆشگایە بەشێوەیەکی قاچاخ هاوردە کراوە، بۆیە ئەو دەرزییانە یان هیچ ماددەیەکی چالاکی تێدانییە، یاخود لە وڵاتانی دەرەوە بە قاچاخ هێنراوە، بۆیە ئەوە وای کردووە بەشێک لە یاریزانانی لەشجوانی تووشی زەرەر و زیانی گەورە بن.

دەشڵێت: ئەگەر سەردانی کلینیکی دکتۆرانی گورچیلە بکەین، دەبینین زۆربەی سەردانیکەرانی ئەو پزیشکامە یاریزانی لە شجوانیین.

گوتیشی: لەو فرۆشگایە زیاتر لە 16 جۆر دەرزی و دەرمانی جۆراوجۆر دەستی بەسەرداگیراوە، کە 350 دەرزی و 500 پاکەت دەرمانی جۆراوجۆرە، هەروەها هیچیان رێگەپیدانی وەزارەتی تەندروستیان نییە و بەشێوەیەکی قاچاخ هاوردە کراون.