سەباح سوبحی: لە بەرهەمهێنانی نەوتدا پارێزگاکانی عێراق هیچ دەسەڵاتێکیان نییە

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە نەفەسێکی مەرکەزیانە نووسراوە. هاوکات گوتی: بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز زۆرینەی کۆمپانیا بینیاکان وەبەرهێنان لە بواری نەوتی عێراق ناکەن.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یاسای نەوت و گاز گرنگ و مەترسیدارە لە هەمان کات، گرنگییەکەی ئەوەیە ئابووری عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز، دەڵێت: رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە نەفەسێکی ناوەندییانە نووسراوە، کێشەی گەورەی یاسای نەوت و گاز لە ماددەی 8 بەدیار دەکەوێت کە ناگونجێت لەگەڵ یاسای نەوت و گاز.

سەباح سوبحی، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بکرێت کەرتی نەوت و گاز لە هەموو عێراق رێکدەخرێتەوە، کە ئەمەش زۆر لایەن لێی زەرمەند دەبن و بەرژەوەندییان لێدەدرێت، بۆیە نایانەوێت ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز، گوتی: بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز زۆرینەی کۆمپانیا بینیاکان وەبەرهێنان لە بواری نەوتی عێراق ناکەن.

گوتیشی: لە بەرهەمهێنانی نەوت پارێزگاکانی عێراق هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، هەروەها لایەنە سیاسییەکانی بەغدا دەیانەوێت یاسای نەوت و گاز بە شێوازێکی مەرکەزی دابڕێژرێت و ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە.

Fly Erbil Advertisment