سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق دەكات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کۆبووەوە و تێیدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە نەسیڕ مامەدۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەی نێوانیان باس لە دوایین پێشهاتەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان کرا.
باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق ئاماژەی بە پەیوەندییە لە مێژینە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کرد و، داخوازی بەردەوامیدان و پتەوکردنی خستەڕوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی رۆشنبیری و ئابووریی.
لەلای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی ستایشی پەیوەندیی دوورودریژ و چەسپاوی نێوان ئازەربایجان و کوردستان کرد و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام لە بەرەو پێشچووندا بێت، بەتایبەت لە لایەنەکانی کشتوکاڵ و رۆشنبیریی.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، نەسیڕ مامەدۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە، لەپای پێشوازی گەرمی و میواندارییەکەی.
