ئەشواق جاف: هەندێک لایەن نایانەوێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق چارەسەربن

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، رایدەگەیەنێت؛ لە پەرلەمانی عێراق هەوڵ بۆ لاوازکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی درا، هەروەها بەشێك لە لایەنەکان دەیانەوێت ئەو یاسایە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، یاسای پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی پەسەند نەکراوە کە لە ماددەی 65ـی دەستوور هاتووە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانی کورد جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی هەبێت، ڤیتۆی هەبێت لەسەر ئەو یاسانەی کە پێشێلی دەستوور دەکەن، بەڵام هەندێک لایەن هەبوون لە پەرلەمان نەیانویست ئەمە پەسەند بکرێت و هەوڵی لاوازکردنیاندا.

ئەشواق جاف، هەروەها راشیگەیاند، هەمیشە لە پەرلەمانی عێراق کورد و سوونە رێگریان لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانە کردووە کە پێچەوانەی دەستوورن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، باسی لەوەشکرد، لە شەقامەکانی عێراق کار بۆ لاوازکردنی پەرلەمان کراوە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی نەهێشتووە لە سەرووی پەرلەمانەوە شتەکان یەکلایی دەکاتەوە.

ئەشواق جاف، دەڵێت: هەندێک لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی عێراق، نایانەوێت حکومەتەکە سەرکەوتوو بێت، هەروەها نایەنەوێت کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی چارەسەر بکرێت.

ناوبراو لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لێدان بوو لە کولتووری پێکەوەژیان.

Fly Erbil Advertisment