10 ساڵە عێراق بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە

K24 – هەولێر:
لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی عێراق، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق رەوانە بکات، بەڵام هەمیشە گلەیی ئەوە دەکرێت، کە بەرپرسانی بەغدا هەمیشە بیانووی جیاواز دەهێننەوە و ناچنە ژێر باری یاسای بودجە و کار بە دەقی ماددەکانی دەستوور ناکەن.
نزیکەی 10 ساڵ بەسەر بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا حکومەتی عێراق هەرجارە و بیانوویەکی بۆ نەناردنی ئەو بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەبووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق رەوانە بکات، بەڵام هەمیشە گلەیی ئەوە دەکرێت، کە بڕیاربەدەستانی بەغدا ناچنە ژێرباری یاسای بودجە و کار بە بنەمای رێککەوتنەکان و ماددەکانی دەستوور ناکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی رایگەیاندووە، هەموو پابەندییەکانییان جێبەجێ کردووە و پڕۆژەی خۆیان سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە، بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە یاسای ئێستای بودجەی فیدراڵییدا هەن، کە رێگرن لە ناردنی شایستەداراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە.
شرۆڤەکارانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکەن، حکومەتی فیدراڵی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارە ناڕوونەکانی دادگاکە وەکو بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاردەهێنێت، هاوکات لە رۆژی 26ـی مانگی رابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دینارێک بۆ هەرێم رەوانە نەکراوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش، ژمێریارانی تەواوی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان لەسەر داوای بەغدا ئامادەكرد و وەزارەتی دارایی هەرێم رەوانەی بەغدای كرد، لە چاوەڕوانی ئەوەی ئاخۆ بەغدا بیانووی دیکەی دەمێنێت، یاخوود ئەو مافە رەوایەی مووچەخۆرانی کوردستان دابین دەکات.