حه‌یده‌ر قوڕه‌یشی: هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەماهەنگی دەکەن

حه‌یده‌ر قوڕه‌یشی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژى ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق
حه‌یده‌ر قوڕه‌یشی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژى ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی تیمی نەتەوەیی دژى ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مەترسیدارترین چەتە و مافیای نێودەوڵەتی و بازرگانانای ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) حه‌یده‌ر قوڕه‌یشی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژى ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 باسی لەوەکرد، بە مەبەستی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان حکومەتی عێراق دەستپێشخەری کرد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باوەشی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە کردەوە.

ئەو ئەندامەی تیمی نەتەوەیی دژى ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵ دەرکەوتووە، کە لە چەند رۆژی رابردوو هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مەترسیدارترین چەتەکانی ئاشکراکرد، کە چەتە و مافیای نێودەوڵەتیش لەخۆدەگرێت و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیرکران.

بەهەمانگی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هەروەها هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەچەند رۆژی رابردوودا توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیربکرێن، کە پێکهاتبوون لە 16 تۆمەتبار.

هەر لە چاڵاکییەکەدا بڕی 40 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەشاری بەسرە دەستی بەسەردا گیراو تۆڕە بازرگانییەکە هەڵوەشێندرایەوە، کە باندێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون.