حكومهتی ههرێمی كوردستان: تۆمارکردن لە پڕۆژهی هەژماری من گەیشتووەتە زیاتر لە 220 هەزار مووچەخۆر
K24 - هەولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان رایدهگهیهنێت، تۆمارکردن لە پڕۆژهی هەژماری من گەیشتووەتە زیاتر لە 220 هەزار مووچەخۆری حکومی.
ههروهها راشیگهیاندووه، کارەکانی پڕۆژەکە لە حهوت شاری هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە وکارتی بانکی بۆ زیاتر لە 100 هەزار مووچەخۆر گەڕاوەتەوە.
هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـهوه فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.
لەگەڵ ئەوەشدا، کاردەکرێت لەسەر دابینکردنی 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.
هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات تەواوی بەشداربووانی پرۆژەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.