دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپا لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق نیگەرانە
K24 – هەولێر:
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و نەبێتە ژێردەستەی هیچ وڵاتێک. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، یەکێتی ئەوروپا خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروستە لە نێوان هەولێر و بەغدا.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرپرسانی نووسینگەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان گەیاندووە بە حکومەتی عێراق لەسەر بەشێک لەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق کە دژی هەرێمی کوردستان دەریکردووە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دەڵێت: بە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا ئەم بڕیارانەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان سیاسین، مەبەستەکەش لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
ئاژگەیی باسی لەوەشکرد، ئەو نیگەرانیانەی یەکێتی ئەوروپا دەستپێکێکی باشە و کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق، یەکێتی ئەوروپا خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروست و دۆستانەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و نەبێتە ژێردەستەی هیچ وڵاتێک، هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوا لەبەغدا و هەولێریش دەکات رێز لە پێکهاتەکان بگرن.
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "گرنگە ئەکتەرەکان بە گفتوگۆ کێشە و جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە، بەوپەڕی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەکە و ئەو کێشانەی پەیوەستن بە کاروباری ناوخۆیی".
ناوبراو گووتی: "هاتووم بۆ ناو پەرلەمانی ئەوروپا، لەگەڵ پەرلەمانتارێک قسە دەکەم چەند خولێک ئەندام بووە و شارەزای زۆری هەیە لەسەر کێشەکانی عێراق و هەرێم، بەروونی دیارە دادگای فیدراڵی عێراق سەربەخۆ نییە و کەوتووەتە ژێر هەژموونی ووڵاتێک و رێز لەکەمینەکان ناگرێت".
لەلایەکی دیکەوە فرانک سشواڵبا، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا، "لەو بڕیارانەی دەدرێن دەبێت نەک تەنیا سەرنج لەسەر زۆرینە بێت، بەڵکو مافی پێكھاتەكان بپارێزرێن، پێموایە ئەو بڕیارانەی لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەدرێن، بەو شێوەیەنین".