لە گوندەکانی سنووری شاری سنە ئاگری نەورۆز کرایەوە

K24 – هەولێر:

رێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ رۆژی نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی رەمەزانەوە، رێوڕەسمەکانی پێشوازیی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان زووتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچێت.

رۆژی هەینیی ئەم هەفتەیە لە چەندین شار و گوندی پارێزگای سنە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس ئاگری نەورۆز کرایەوە، یەک لە گەورەترین رێوڕەسمەکانیش لە گوندی گەشتیاریی هەشەمێزی ناوچەی هەورامان بەڕێوەچوو.

نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان هێمای ئازادی و بەرەنگاری و بەخۆدان لەبەرانبەر زوڵم و زۆردایە، رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵی هەشەمێز هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانیی ئافرەتان، بۆ ئافرەتانی رۆژهەڵاتی کورستان، هەردوو بۆنە دەرفەتێکن بۆ داواکردنی مافەکانیان و جەخت کردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی ئەو شۆڕشەی ساڵی رابردوو لەسەر دەستی ئافرەتانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و وەک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە سەرانسەری جیهاندا ناوی دەرکرد.