ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان: بڕیارە تاکلایەنەکانی بەغدا پێشێلکارییەکی زەقی دەستوورین

ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان لە یاداشتێکی دەستووریی 14 لاپەڕەییدا، وەڵامی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بڕیارە راڤەکارییەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دایەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێی بڕیارە تاکلایەنەکان دەکات.

لەو یاداشتە یاساییەدا کە ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاو کراوەتەوە، ئینستیتیوتەکە داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردووە لە تێپەڕاندنی دەقی دەستوور پاشگەز ببێتەوە، هاوکات جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووەتەوە.

ناوەندەکە روونیکردەوە، ناڕەزایەتییەکان دژی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت یان دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان نین، بەڵکو دژی دەرکردنی بڕیاری هەستیارە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. هەروەها دژایەتیی خۆی بۆ خوێندنەوەی هەڵبژێردراو بۆ دەستوور نیشاندا، کە دەسەڵاتی ناوەند فراوان دەکات و دەقە سنووردارکەرەکان پشتگوێ دەخات.

بەگوێرەی یاداشتەکە، لە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رێگەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە چەندین بڕیاری دەرکرد. لەوانە قۆرخکردنی رەزامەندییەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ وەزارەتی نەوت، و رادەستکردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان.

فەرمانەکان هەروەها راسپاردنی وەزارەتی نەوتیان بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکان و جێگیرکردنی پۆلیسی وزە لەخۆگرتبوو، تەنانەت لەو کێڵگانەشدا کە لە سنووری فیدڕاڵیدان بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. هاوکات بڕیاری داخستنی دەروازە نێودەوڵەتییە نافەرمییەکان و رێگە خۆڵەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین دەرچوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێکارانەدا، بڕیاری دانانی تاقیگەی پشکنین لە بازگەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک درابوو، لەگەڵ گواستنەوەی کارگەکانی ئسفەلتی ئۆکسێنراو و نەفتا لە ماوەی شەش مانگدا، سەرەڕای بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو پارێزگایە.

رۆژی دواتر، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە دەنگی زۆرینە و بە نەیاریی دوو ئەندامی، بڕیاری راڤەکاریی ژمارە 268ـی لە حەوت خاڵدا دەربارەی سنوور، دەروازەکان، نەوت و گاز، داهاتە نانەوتییەکان و سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان دەڵێت: بەگوێرەی ماددەکانی 78 و 80ـی دەستوور، سەرۆکوەزیران ناتوانێت بڕیارەکانی پەیوەست بە سیاسەتی گشتی، نەوت، دەروازەکان و کارگە پیشەسازییەکان بە تەنیا و لە رێگەی بەیاننامەی سەربازییەوە دەربکات، بەڵکو پێویستە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا و بە بەشداریی وەزیرە کوردەکان بڕیاریان لێ بدرێت.

یاداشتەکە بەکارهێنانی کەناڵی سەربازی بۆ بڕیاری ئابووری و گومرگی بە پێشێلکردنی ماددەی نۆیەمی دەستوور زانی، کە هێزە چەکدارەکان دەخاتە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی. هەروەها بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدڕاڵیی بەبیرهێناوەتەوە کە بەخشینی بەڕێوەبەری گشتی و فەرماندە باڵاکان بەبێ پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندیی پەرلەمان ناکرێت.

سەبارەت بە رێکارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ئینستیتیوتەکە چوار رەخنەی سەرەکیی گرتووە؛ لەوانە ئەوەی بابەتەکە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا بووە و دەبوو وەک دۆسیەی ناکۆکی دادبینی بۆ بکرێت نەک راڤەکردن، هەروەها بڕیارەکە بەبێ بیستنی را و بەرگریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 24 کاتژمێردا دراوە.

رەخنەیەکی دیکە ئەوەیە، بڕیارەکەی دادگا هیچ ئاماژەیەکی بە دەستووریبوونی فەرمانەکانی 24ـی تشرینی دووەم نەکردووە، لەگەڵ ئەوەی هەبوونی دوو دەنگی نەیار دەیسەلمێنێت ئەو تەفسیرە تاکە خوێندنەوەی دەستووری نییە.

لە شیکردنەوەی خاڵە هەستیارەکاندا، یاداشتەکە روونیکردەوە کە دادگا لە کاتی گواستنەوەی دەقی ماددەی 112ـدا، ئەو دەستەواژەیەی بە خاڵبەندی لاداوە کە باسی دیاریکردنی پشکی تایبەت دەکات بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی تاوانەکانی رژێمی پێشوو زیانیان بەرکەوتووە، کە مافی دەستوورییە بۆ قەرەبووی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە.

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، ئینستیتیوتەکە پێداگریی کردووە کە دەستوور بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی بە هاوبەشی لەنێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، و نەبوونی یاسای نەوت و گاز رێگە بە وەزارەتی نەوت نادات بە تەنیا جێگەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. هاوکات لە پرسی گومرگیشدا، خودی بڕیارەکەی دادگا بەڕێوەبردنی دەروازەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مەرجدار کردووە.

لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و بودجەوە، یاداشتەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا پشکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ 12.7%ـی کەمکراوەتەوە، لە کاتێکدا بە پێی ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 2024 رێژەکە 14.14%ـە، هاوکات بودجەی پێشمەرگە و قەرەبووەکانیش خەرج نەکراون.

ئەو ناوەندە بەستنەوەی سنووری هەرێمی کوردستانی بە هێڵی پێش 19ـی ئاداری 2003 بە مەترسیدارترین بەشی بڕیارەکە ناوبرد و بە پێنج بەڵگە رەتیکردەوە. ئینستیتیوتەکە جەختی لە بڕیاری ساڵی 2019ـی هەمان دادگا کردووەتەوە کە ماددەی 140 تا جێبەجێکردنی بەردەوامە، و سنوورە کارگێڕییەکانی پێش 2003 لەسەر دەستی رژێمی پێشوو شێوێنراون.

یاداشتەکە هۆشدارییدا کە فەرمانەکان چوار مافی دەستووریی هاووڵاتییانیان پێشێلکردووە، لەوانە ئازادیی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی دانانی تاقیگە لە بازگەکان، مافی خاوەندارێتیی تایبەت و وەبەرهێنان بە ناچارکردنی کارگەکان بە گواستنەوە، ئازادیی هاتوچۆی دانیشتووانی گوندەکان و جووتیاران بە داخستنی رێگە خۆڵەکییەکان، و پێشێلکردنی لامەرکەزییەتی کارگێڕی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا، ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان داوای راگرتنی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران، پاشگەزبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی لەو راڤەکردنە، چاودێریی پەرلەمان، و جێبەجێکردنی تەواوی قۆناغەکانی ماددەی 140 دەکات تا ئەنجامدانی رێفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.

ئینستیتیوتەکە هەروەها داوای تەواوکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان دەکات لە رێگەی دەرکردنی یاسای نوێی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە مسۆگەرکردنی مافی ڤیتۆی هەرێمی کوردستان، دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، یاسای نەوت و گاز بە سازان، و یاسای بەڕێوەبردنی گومرگ، و هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی دەستوور بۆ سەپاندنی ناوەندگەرایی، بنەماکانی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.