خالید دەبوونی: قەیرانی هەولێر و بەغدا نەبوونی متمانە و جێبەجێنەکردنی دەستوورە

سەرکردەیەکی حزبی موتەحیدون جەختدەکاتەوە، کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەیرانێکی کۆن و دووبارەبووەوەی ساڵانەیە و لە بنەڕەتدا قەیرانی نەبوونی متمانەیە، نەک تەنیا کێشەیەکی سیاسی یان ئیداری. ئەو پێشبینی دەکات کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوولا لە سەرەتای مانگی 12 کاریگەرییەکی گەورەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر هەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، خالید دەبوونی، سەرکردە لە حزبی موتەحیدون لە چاوپێکەوتنێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا چینی سیاسی لە عێراق شکستی هێناوە لە یەکخستنی دیدگاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند. ئەوان نەیانتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە ئایا عێراق دەوڵەتێکی ناوەندییە یان فیدڕاڵیی دیموکراتییە کە دەسەڵاتی راستەقینە بە هەرێم و پارێزگاکان دەدات.

دەبوونی گوتی: لە هەموو قەیرانەکاندا تەنیا چارەسەری کاتی و بەپەلە دۆزراونەتەوە بۆ ئەوەی کاروانەکە بەردەوام بێت. هەر بۆیە لە پرسەکانی وەک بودجە و دەروازە سنوورییەکاندا قەیرانی نوێ سەرهەڵدەداتەوە، چونکە کێشەی نێوان ناوەند و هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکراوە.

سەرکردەکەی حزبی موتەحیدون روونیکردەوە، ئەگەرچی دەستوور دەڵێت عێراق وڵاتێکی دیموکراتیی فیدڕاڵییە، بەڵام فیدڕالیزم جێبەجێ ناکرێت و تا ئێستا هیچ رێگەوشوێنێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی پەیوەست بە فیدڕالیزم وەک ماددەکانی 119 و 120 دیاری نەکراوە.

دەبوونی گوتیشی: نە هەرێمی کوردستان و نە پارێزگاکانی دیکە دەسەڵاتی راستەقینەیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی، ئەمنی و ئابووریی خۆیان نەبووە. ئەو جەختیکردەوە کە ئەم کێشەیە تەنیا لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە، بەڵکو پارێزگای بەسرەش دە ساڵە داوای مافی دەستووریی خۆی دەکات و پارێزگاکانی دیکەش بەهۆی ئەوەی بەغدا متمانەی پێیان نییە، رووبەڕووی هەمان کێشەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.

سەبارەت بە گرفتە دەستوورییەکان، دەبوونی باسی لەوە کرد، لێکدانەوەی ماددەکانی دەستوور لاستیکی بووە و هەر لایەنێک دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە. ئەو لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوە دا کە ماددەی 140 سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لەخۆ دەگرێت، بەڵام هیچ بەندێکی جێبەجێ نەکراوە و دۆخی کەرکووک بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. هەروەها سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز گوتی، سەرەڕای بوونی لە دەستووردا، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق نەیانتوانیوە یاساکە دەربکەن.

دەبوونی جەختیکردەوە، پاکێجی ماددە جێبەجێنەکراوەکان هەیە و دەبێت هەموویان پێکەوە جێبەجێ بکرێن، چونکە ئێستا وڵات لە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە.

دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی بەغدا لە پرسی گەندەڵی و فرۆشتنی نەوتدا، دەبوونی رایگەیاند حکوومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە لە جرف ئەلسەخر و ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق دەستی پێکرد و دواتر هات بەرەو ناوچەکانی دیکە.

بە گوتەی ئەو، کورد ترسیان لێ نیشتووە و ئەو ترسەش شەرعییە، چونکە پێیان وایە ئەم رێگایانە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێن. ئەو رەخنەی لە شێوازی خوێندنەوەی راگەیەنراوەکان گرت و گوتی: کاتێک بڕیارێکی سیاسی دەخوێنرێتەوە دەبوو کەسێکی مەدەنی یان گوتەبێژی حکوومەت بیخوێنێتەوە، نەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ ئەمەش بووەتە مایەی ترس لای کورد.

خالید دەبوونی دووپاتیکردەوە، چارەسەر بە بڕیاری تاکەکەسیی سەرۆکوەزیران لە بەغدا ناکرێت، بەڵکو پێویستە لە رێگەی پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی ئەمنی، نەوتی و ئیدارییەوە متمانە بگێڕدرێتەوە.

ئاماژەی بەوە دا، گوشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتەکەی عەلی زەیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و گوتی: پێم وایە چارەسەرەکان هەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، کە سەرەتای مانگی داهاتوو لە 1ـی 12 دەبێت، دەخرێنە روو و کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت. هیواشی خواست کۆبوونەوەکە چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی بخاتە روو، چونکە خەڵک بێزار بووە لە چارەسەری کاتی.

سەبارەت بە کاردانەوەکان، دەبوونی ئاشکرایکرد لێدوانی ئەرێنی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، دادگای فیدڕاڵی و حکوومەتی عێراقەوە دراوە و دڵنیاییان داوە جەنگ روونادات و هێزی سەربازی بەکارنایەت و دەیانەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکەن.

لە کۆتاییدا، دەبوونی بە راشکاوی رایگەیاند کە شاراوە نییە لایەنی سیاسی لە بەغدا هەن بە دوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەو نموونەی بە ساڵانی رابردوو هێنایەوە و گوتی: سەرۆکوەزیران دەستپێشخەریی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام لایەنی دیکە هەبوون رێگرییان دەکرد و نەیاندەهێشت پەیوەندییەکی بەرهەمهێنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.

جەختیکردەوە، سەرباری بوونی ئاسۆی چارەسەر، کەسانێک لە بەغدا نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەربەست لەبەردەم رێگاکە دروستدەکەن، چونکە لەو دۆخە سوودمەندن و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بەکاردەهێنن.