وهزیری دهرهوهی سوید بۆ كوردستان24: پهكهكه رێكخراوێكی تیرۆریستییه
K24 – برۆكسل:
وەزیری دەرەوەی سوید دڵنیایی دەدات کوردەکانی وڵاتهكهی و رایگهیاند، "پارێزراو دەبن"، جگە لەو کەسانەی لەگەڵ پەکەکە کاردەکەن. گوتیشی: "پهكهكه رێكخراوێكی تیرۆریستییه".
تۆبیاس بیلستۆرم، وەزیری دەرەوەی سوید دوای ئەوەی بە فەرمی وەک ئەندامی ناتۆ ناسێندرا، وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـی سەبارەت بە دۆخی کورد لەو وڵاتە و داواکاری تورکیا بۆ دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەیان دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەک تیرۆریست ناسێندراوە.
ههروهها راشگهیاند، لە لووتکەی ناتۆ لە مەدرید، هاوشان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان گفتوگۆمان دەربارەی ئەوەکرد، ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ بنبڕکردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکانی پەکەکە بۆ سەر تورکیا، ئێمە ئەو کارەمان کردووە و سەرۆک ئەردۆغانیش هاوینی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیەس ئەمەی پشتڕاستی کردوەوە، بەیەکەوە لەگەڵ تورکیا رێککەوتنی ئاسایش دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر کار لەسەر ئەم پرسە بکەین".
گوتیشی: "بێگومان هەموو کوردێک دەتوانێت هەست بە پارێزراوی بکات. تەنیا ئەو کەسانەی کار لەگەڵ پەکەکە هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی هەست بە پارێزراوی نەکەن. ئەمەش کارێکی راست و گونجاوە".
سوید 200 ساڵ بێلایەن بوو، ئەمساڵ بەهۆی مەترسی هێرشی رووسیا بە فەرمی بووە ئەندامی گەورەترین هاوپەیمانی سەربازی لە جیهان ئەویش هاوپەیمانی ناتۆیە، ئامادەکارییەکانی خەڵكی سوید بۆ جەنگ زیاتر بووە دوای ئەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە چەندین جار هۆشدارییان بە هاووڵاتییان داوە کە ئامادەبن و ئەگەری هێرشی رووسیا لە ئارادایە.
لە رۆژی (23ـی کانوونی دووەمی 2024) پهرلهمانی توركیاش ئهندامێتی سویدی له ناتۆ به زۆرینهی دهنگ پهسهندكرد، دوای سێ رۆژیش پەرلەمانی هەنگاریا بە فەرمی ئەنداێتی ئەو وڵاتەی لە ناتۆ پەسەند کرد.
دوای دوو ساڵ دانوستان، رۆژی (7ـی ئاداری 2024)، سوید بە فەرمی بووه 32مین ئەندامی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".
ئەندامێتی سوید دوای بە ئەندامبوونی فینلاند هات لە ساڵی رابردوودا، بەمەش هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریای باڵتیک جگە لە رووسیا، ئێستا هەموویان ئەندامی ناتۆن.
هەرچەندە سوید و فینلاند بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یەکێتی ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە لە ئەمەریکا نزیکن، بەڵام لە رووی مێژووییەوە پێیان باشتر بووە لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دوور بکەونەوە کە لە سەردەمی شەڕی سارد دژی یەکێتی سۆڤیەت پێکهێندرا.