سوودانی: لە دەستوور و یاسای بودجەدا شتێک نییە بەناوی بڕینی مووچە
K24 – هەولێر:
لەدوایین چاوپێکەوتنیدا محەممەد شیاع سوودانی سهرۆكوهزیرانی عێراق لەگەڵ میدیایهكی عەرەبی رایدەگەیەنێت: بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجە شتێک نییە بەناوی بڕینی مووچە یان ناردنی مووچە بەڵکو دەبێت، بە رێژەی 12.67% پشکی هەرێمی کوردستان بنێرین.
سوودانی باسی لەوەشکرد کە لە بەغدا ناتێگەیشتنێک لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە لەکاتێکدا کە وەزیری دارایی عێراق مووچەی مانگی شوبات بە قۆناغ دەنێرێت و ناردنی مووچە بۆ مانگەکانی دواتر مەرجدار دەکات.
لەبارهی بهشه بودجەی هەرێمی کوردستان ،لە دوایین چاوپێکەوتنیدا محهمهد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بۆ کەناڵێكی سعوودی قسەییکردووە، رایدەگەیەنێت: شتێک نییە بەناوی بڕینی مووچە بە گوێرهی دەستوور ، هەروەها بەگوێرەی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان 12.67%.
سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە بەگوێرەی یاسای بودجە شتێک نییە بەناوی مووچە بەڵکو پێویستە بودجە بنێرین بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشێکی لەدابینکردنی مووچە خەرج بکات و، بەشێکی بۆ پڕۆژەکانیی چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەت و پەرلەمانی خۆیەتی وەکو قهوارهیهكی سیاسی و دەستووری.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت: بەڕاشکاوی هەست دەکەم ناتێگەیشتنێک بۆ پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی راگەیاندن و لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی لە عێراق هەیە, بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەین کە مووچەی راستەوخۆ بۆ مووچەخۆرانی بنێرین نەک بودجە، ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە شتێک بەناوی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسیی و دەستوورییەوە نامێنێت.
لێدوانەکانی سوودانی لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی عێراق رایگهیاندووه: بۆ مانگی شوبات به چهند قۆناغێك پارهی مووچه خهرج دهكهن و بۆ مانگی داهاتووش مهرج و داواكاری دیكهیان ههیه.