لەچاوەڕوانی وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکان نزیکەی 30 فەڵەستینی بەتەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژران و برینداربوون
K24 - هەولێر
بەدەیان کەس لە بازنەی کوەیت لە باشووری غەززە چاوەڕوانی هاتنی یارمەتییە مرۆییەکانیان دەکرد، لەو کاتەدا ئیسرائیل بۆردومانی شوێنەکەی کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 30 کەس کوژران و برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-3-2024، میدیا فەڵەستینییەکان بڵاویان کردەوە، بەدەیان کەس لە بازنەی کوەیت لە باشووری غەززە چاوەڕوانی هاتنی یارمەتییە مرۆییەکانیان دەکرد، لەو کاتەدا هێزەکانی ئیسرائیل بۆردومانی شوێنەکەیان کرد و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەسیش بریندار بوون. ئەم جۆرە رووداوانەش چەندجارە دووبارە دەبیتەوە.
هاوکات لە مانگی شوباتی رابردوودا سەدان فەڵەستینی لە بازنەی نابلسی نزیک شەقامی ئەلرەشید لە کەرتی غەززە، چاوەڕوانی وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکانیان دەکرد، لەو کاتەدا هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لەو خەڵکە کرد و زیاتر لە 100 کەسیان کوشت.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل "کۆمەڵکوژییەکی ترسناکی ئەنجامداوە و کەسانێکی کوشتووە کە بەدوای بژێوی ژیاندا دەگەڕان لە باشووری رۆژئاوای شاری غەززە".
لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە "تەقەی لە خودی کاروانە مرۆییەکان کردبێت، بەڵکو تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە لە ناوچەی هێزەکان نزیکبوونەتەوە و مەترسییان لەسەر دروستکردووە".