شوان کەلاری: ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دەیکات پێچەوانەی دەستوور و یاسایی بودجەیە

K24 - هەولێر
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق رایگەیاند، ئەو پابەندییانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێکراوە و هیچ کەمووکورتیەکی نییە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دەیکات پێچەوانەی دەستوور و یاسایی بودجەیە.
شوان کەلاری، ئەندام پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پابەندییانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێکراوە و هیچ کەمووکورتیەکی نییە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دەیکات پێچەوانەی دەستوور و یاسایی بودجەیە، وە ستەم و جیاوازییەکی گەورەیە کە لەنێوان فەرمانبەران دەیکات.
گوتیشی: هیچ بابەتێک شایستەی ئەوە نییە فەرمانبەرانی میللەتێک بکەیتە ئامانج، جگە لە بیری شۆڤێنی، هەروەها بابەتەکە کوردبوونە، ئەگەرنا بەپێی بڕیاری دادگا موچە کەوتووەتە لای وەزارەتی دارایی عێراق، بە چ مافێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 15 رۆژ دوادەخات.
کەلاری باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی عێراق کارێکی کردووە خەریکە ئێمە شایستە داراییەکانمان بیر دەچێتەوە، ئێمەیان بە مووچەوە سەرقاڵ کردووە، لەکاتێکدا ئێمە بەگوێرەی دەستوور هەرێمێکین مافی خۆمانە مانگانە چۆن مووچە بۆ گەشەسەندن و مووچەخۆران خەرجدەکرێت بۆ ئێمەش خەرج بکرێت، بۆیە خەریکە متمانە نامێنێت، چونکە ئەوانە نە پابەندن بە رێککەوتنەکانەوە، نە لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی ئەیدەن راست دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە حکومەتمان لە چوارچێوەی ئیدارەدانی دەوڵەت پێکهێنا و رێککەوتین، ئەو رێککەوتنەمان هێنایە پەرلەمان و دەنگمان لەسەر دا، کە بڕیاربوو یاسایی نەوت و غاز لەماوەی شەش مانگ بێتە پەرلەمان و کۆتایی پێبێ. هەروەها ماددەی 140 و رێککەوتنی شنگال، ئەمانە هەموو بەسیاسی کراون.
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتیشی: ئەیانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم رێگایە لاواز بکەن، ئەیانەوێت گەلی کورد بکەنە ئامانج، ئێمە گوێمان لەسەرۆکی دادگای فیدراڵی بوو کە چؤن پەشیمان بوونەتەوە لە بنەماکانی فیدراڵیزم. بۆیە ئەوان پەشیمانن لەوەی هەرێمێک لەدوای رووخانی سەدامەوە دروست بووە، هەتا وەکو رێگری دەکەن لەوەی هەرێمی دیکە دروست ببێت و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک رێگا بەوکارە نادەین.
جەختیکردەوە، "ئەوان کار لەسەر کەسایەتی سیاسی و حزبی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی بەری بدەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەتا کێشەیان لەنێوان فەرمانبەران و حکومەتی هەرێمی کودستان دروستکردووە، خەریکی چەواشەکاری و درۆن".