بارزانى: ئه‌و كاره‌ی په‌یه‌ده‌ له‌ دژی ئه‌نه‌كه‌سه‌ كردی خنكاندنى ئازادییه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌ دیدارێك له‌گه‌ڵ ئیبراهیم برۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سووریا ئه‌نه‌كه‌سه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  ناڕەزایی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو كارەی هێزەكانی پەیەدە لەدژی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ئەنجامیان داوە و بە كارێكی دژی دیموكراسی  فرەلایەنی و خنكاندنی ئازادی وەسفكرد و بە توندی ئیدانەی كرد.

هاوكات مەسعوود بارزانی راشیگه‌یاند, ڕێگەگرتن لە ئازادیی سیاسی و دەستگیركردنی كەسایەتییە سیاسییەكان لە لایەن پەیەدەوە داهێنانی نەریتێكی ناشرین و ناشارستانییە و دژی بنەماكانی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە و پێویستە ڕێگەی لێ بگیرێت و كۆتایی پێ بهێنرێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا باسی لە بارودۆخی سیاسیی سووریا كرد و هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر ڕووداوی دەستبەسەركردنی خۆی لە لایەن هێزەكانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان و باسیشی لە ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی خەڵكی ڕۆژئاوا كرد لە دژی دەستگیركردنی لە لایەن دەستەڵادارانی ڕۆژئاوای كوردستان.