پەیامنێری کوردستان24: لە هەولێر کەسێک تەقە لە هاوژینەکەی و خاڵی هاوژینەکەی دەکات و برینداریان دەکات
![شوێنی رووداوەکە](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Mar-2024/1710273289222.jpg)
K24 – هەولێر:
کەسێک لە لە گەڕەکێکی شاری هەولێر تەقە لە هاوژینەکەی و خاڵی هاوژینەکەی دەکات و هەردووکیان بریندار دەکات و پۆلیسی هەولێریش لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
ئەمشەو (12ـی ئاداری 2024) لە گەڕەکی مناری نوێی شاری هەولێر، پیاوێک دوای ئەوەی دەبێتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ هاوژینەکەی و هاوژینەکەشی دەچێتە ماڵی خاڵی، دوای چەند کاتژمێرێک پیاوەکە هەڵدەکوتێتە سەر ئەو ماڵە و تەقە لە هاوژینەکەی خۆی و خاڵی هاوژینەکەی دەکات و هەڵدێت.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هەردوو بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی و لەژێر چاودێری پزیشکیدان و پۆلیسی هەولێرش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە.
بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی بۆ سۆشیال میدیای کوردستان24 نێردراوە، هێزێکی ئەمنی زۆر لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکراوە و سەرقاڵی لێۆڵینەوەن لە رووداوەکە بۆ ئەوەی تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستگیر بکەن و رووبەڕووی یاسای بکەنەوە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەرخستنی راستییەکان لەگەڵ ئەوەشدا، کەسانی نزیک لە رووداوەکە ئاماژە بە بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی دەکەن و ئەو شەڕە لە ئەنجامی دەمەقاڵییەکی نێوان دوو هاوژینەکە دروست بووە.
View this post on Instagram