ئێران .. لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا زیاتر لە دوو هەزار کەس برینداربوون
بەهۆی یارییە ئاگرینەکان 14 کەس گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر
لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری یان دوایین چوارشەممەی کۆتایی ساڵدا، لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 2128 کەسی بەهۆی ئاگرو یارییە ئاگرینەکان کوژران و برینداربوون.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران، لە زاری جەعفەر میعادیفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاریی ئێران بڵاویکردووتەوە، بە هۆی رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوورییەوە لە سەرانسەری ئێران 14 کەس گیانیان لەدەست داوە و 2114 کەسیش دیکەش بریندار بوون، کە 700 کەسیان زیان بەرچاوەکانیان گەیشتووە و 681 کەسی دیکەش جەستەیان سووتاوە.
میعادیفەر ئاماژەیداوە، لە نێو بریندارەکاندا 152 کەس ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە.
چوارشەممە سووری بۆنەیەکی دێرینی خەڵکی ئێرانە کە لە دوایین چوارشەممەی ساڵدا بەڕێوە دەچێت و لە ساڵانی رابرودودا بە هۆی زۆربوونی یارییە ئاگرینەکان لە رێوڕەسمەکانی ئەو بۆنەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی.