هیندستان بەیاسا موسڵمانان لە پێدانی رەگەزنامە بێبەش دەکات
K24 - هەولێر
هیندستان دەستیکرد بە جێبەجێکردنی یاسایی رەگەزنامە کە دژی موسڵمانانە و لە ساڵی 2019ەوە پەسەندکراوە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن بەرگریکارانی مافی مرۆڤەوە بە جیاکاری دژی موسڵمانان هەژمارکراوە و ئیدانەیان کرد و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەین کە رێگە بە "کەسی شایستە دەدرێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری رەگەزنامەی هیندستان".
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی هیندستان ئەم پڕۆژەیەی پەسەند کرد، کە ئاسانکاری دەکات بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بە پەنابەرانی ئەفغانستان و بەنگلادیش و پاکستان جگە لە موسڵمانان، تەنها هیندۆسەکان، پارسی، سیخ، بوددایی، جاینەکان و مەسیحییەکان، کە لەم سێ وڵاتە زۆرینەی موسڵمانەوە هاتوونەتە ناو هیندستان، رێگەیان پێدەدرێت داوای رەگەزنامە بکەن.
ئەم یاسایە هەموارکردنێکە بۆ یاسای رەگەزنامە کە لە ساڵی 1955 دەرچووە و رێگری دەکات لە کۆچبەرانی نایاسایی داوای رەگەزنامەی هیندی بکەن، ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە جیاکاری و ناتەبایی لەگەڵ دەستوور دەزانن، هەروەها لەلایەن حکومەتەوە رەتدەکرێتەوە.
نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان یاساکەی بە "جیاکاری" وەسف کرد، هەروەک چۆن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دژی ئەو بڕیارەن.
دوای ناڕەزایەتییەکان لەلایەن کۆمەڵگەی موسڵمانان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، جێبەجێکردنی ئەو یاساییە دواخرا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە سەد کەس کوژران.
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەم یاسایەیان کرد و وەک بەشێک لە پلانی ناسیۆنالیستە هیندۆسەکان، کە سەر بە سەرۆکوەزیران نارێندرا مودییە هەژمارکرد، کە ئامانجی پەراوێزخستنی موسڵمانەکانی هیندستانە.
جگە لەوەش دانیشتوانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ناوچەیەک کە شایەتحاڵی پێکدادانی زۆر لە نێوان کۆمەڵگاکانە و کۆچبەری پرسێکی هەستیارە، ترسیان لەوە هەیە کە بەم کارە ئاسانکاری بۆ هاتنی کۆچبەرانی هیندۆسی لە سنووری بەنگلادیشەوە بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوان لە جیاتی ئەوە هەلی کار داگیر بکەن لە دانیشتووان.
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن ئەم یاسایە هەنگاوی یەکەم بەرەو دامەزراندنی تۆمارێکی نیشتمانی هاووڵاتیانە، کە زۆرێک لە موسڵمانان ترسیان هەیە چونکە ئەگەری هەیە هاووڵاتیبوونیان لێ زەوت بکات.
لە کۆتایی ساڵی 2019دا، نارێندرا مودی دڵنیایی دایە موسڵمانانی هیندستان کە "پێویست بە نیگەرانی ناکات"، روونیکردەوە کە هیچ گفتوگۆیەکی بەردەوام نییە بۆ دروستکردنی تۆمارێکی نیشتمانی. هەروەها تۆمارێکی نیشتمانی لە ویلایەتی ئاسام دروستکرا، کە بووە هۆی پەراوێزخستنی 1.9 ملیۆن کەس.
بڕیارە نوێیەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە وڵاتانی نا ئیسلامیەوە هاتوون وەک پەنابەرانی تامیل لە سریلانکا، بوداییە تبتییەکان کە لەچین هەڵدێن، یان موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە میانمار.
پارتی ناسیۆنالیستی هیندۆسی سەر بە مودی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا بەڵێنی دابوو ئەو یاسایە نوێیە دەربکات.
بڕیارە بەم نزیکانە هیندستان وادەی هەڵبژاردنی یاسادانانی خۆی رابگەیەنێت، کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیسان یان مانگی ئایاردا ئەنجام بدرێت. هەروەها مودی چانسی گەورەی هەیە بۆ بردنەوەی خولی سێیەم.
جەیرام ڕامێش، سەرۆکی پارتی کۆنگرەی ناسیۆنالیستی ئۆپۆزسیۆن، گوتی: حکومەتی مودی زیاتر لە چوار ساڵی خایاند بۆ راگەیاندنی رێساکانی دوێنێ شەو، ئێستا مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان جێبەجێی دەکەن، روونە کە ئامانجی کارکردنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵبژاردنەکان بە درێژایی هێڵە ئاینییەکان.