سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوو ر و ڕێککەوتنەکان کرا.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێی گرنگی و بایەخی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و پێویستیی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.