ئەرشەد تەها: کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە لادانی عەقڵییەتی مەرکەزییەت چارەسەر دەبن
K24 - هەولێر
پسپۆڕێکی دارایی و ئابووریی دەڵێت، "کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە لادانی عەقڵییەتی مەرکەزییەت چارەسەر دەبن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، د. ئەرشەد تەها، پسپۆڕی دارایی و ئابووریی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە لادانی عەقڵییەتی مەرکەزییەت چارەسەر دەبن. ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئێستا بەغدا بەرامبەر بە هەولێر ئەنجامی دەدات، کۆتایی نەهێت، ئەستەمە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن".
د. ئەرشەد تەها گوتی، "دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، کە پێچەوانەی دەستوورە، هیچ مانایەک بۆ قەوارە دەستوورییەکەی هەرێمی کوردستان نامێنێت".
بە گوتەی ئەو پسپۆرە داراییە، "دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، پێچەوانەی بیرۆکە و فەلسەفەی فیدراڵییەتە". گوتیشی، "لە ماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان پیشانی دا ئەگەر بواری بۆ برەخسێت، دەتوانێت پەرەپێدانی ئابووریی و بژێوی ئابووری دروست بکات".
وەکو ئەوەی ئەو پسپۆرە داراییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت بە تەواوەتی گەمارۆی هەرێمی کوردستان بدەن و هەموو دەسەڵاتە دارایی و ئابوورییەکان لێ وەربگرنەوە و، لە ئەنجامدا قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە".
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.
3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.
6. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات.