فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر: تێڕوانینی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به كورد تێڕوانینێكی ناعه‌قڵانی و كلاسیكیی و نه‌ریتییه

K24 – هەولێر:
سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ئاماژه به‌وه ده‌كات، تێڕوانینی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به كورد تێڕوانینێكی ناعه‌قڵانی و كلاسیكیی و نه‌ریتییه. ده‌شڵێت، كورد له عێراقی نوێ‌دا رۆڵی گه‌وره‌ی له بونیاتنانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بینی، چونكه خاوه‌نی ئه‌زموونی حكومه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌یی بوو. سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق فرهنهتهوهییان سه‌پاندووه نه‌ك قبووڵیان كردبێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 13ـی ئاداری 2024) فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت رایگه‌یاند، مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ته‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كورد و كوردستان له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌م بیسته‌مدا یه‌ك شێوه بووه و نه‌یاری مافه‌كانی بوونه.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تێڕوانینی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به كورد تێڕوانینێكی ناعه‌قڵانی و كلاسیكیی و نه‌ریتییه، بۆیه بۆیان ئاسان نییه قبووڵی نه‌ته‌وه و قه‌واره‌یه‌ك بن كه له خۆیان جیاواز بێت.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر پێی وابوو عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت و رژێم له توانایدا نییه و له‌و ئاسته‌دا نییه بتوانێت په‌ره به فره‌یی پێكهاته‌یی بدات و قبووڵی فه‌رهه‌نگی هه‌مه‌چه‌شنی پێكهاته‌یی بكات و هه‌مووان به چوارده‌وری خۆیدا كۆ بكاته‌وه.
عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی وه‌ك رژێم له دیدی ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌دا، فره نه‌ته‌وه‌ییان سه‌پاندووه نه‌ك قبووڵیان كردبێت، بۆیه به‌رده‌وام ناهاوسه‌نگی له قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكه فراوانتر ده‌بێت.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كورد ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ستی به‌وه بكردایه ئه‌م ده‌وڵه‌ته خۆی لێ به خاوه‌ن ده‌كات، په‌نای نه‌ده‌برده به‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی و له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كه‌وته سه‌نگه‌ر.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار روونی كرده‌وه كورد له عێراقی نوێ‌دا رۆڵی گه‌وره‌ی له بونیاتنانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بینی، چونكه خاوه‌نی ئه‌زموونی حكومه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌یی بوو، له كاتێكدا ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، له مه‌نفا بوون و تازه گه‌ڕابوونه‌وه، بێئه‌وه‌ی هیچ ئه‌زموونێكی كرده‌ییان له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت.
جه‌ختی كرده‌وه دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموون و سیاسه‌تی رژێمه‌كانی پێشووی عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ست بۆ ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ن و ته‌نانه‌ت به پاساوی جیاجیاوه سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه نوێ بووه‌ته‌وه.
ئه‌و سیاسه‌ته‌مه‌داره له ئه‌زموونی تیۆری و كرده‌ییه‌وه پێشبینی كرد ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق لاسایی ئه‌وانی پێش خۆیان بكه‌نه‌وه و به چه‌ك په‌لاماری كوردستان بده‌ن و به‌رامبه‌ر به قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه‌ی بوه‌ستنه‌وه و كورد بخه‌نه‌وه ناو شه‌ڕێكی دیكه.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر سه‌باره‌ت به ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان تێبینی ئه‌وه‌ی كرد، كاتێك به‌غدا له سه‌ریه‌تی به‌پێی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی 12.67%ـی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت و مووچه و شایسته‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، لیستی مووچه‌ی بۆ چییه؟ روونیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ناچار نییه لیستی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ به‌غدا بنێرێت، چونكه ئه‌وان له سێكته‌ری ئه‌منیدان و ره‌نگه وه‌ك زه‌مانی سه‌ددام حوسێن و رژێمی به‌عس به‌دوای ئه‌و كه‌سانه‌وه بن و له ده‌رفه‌تێكدا ژیانیان بخه‌نه به‌ر مه‌ترسی.
ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه ده‌گوترێت عێراق ئامانجیه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، بۆچوونی خۆی خسته‌ڕوو و وردتر گوتی، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌و قه‌واره‌یان به هه‌رێمی كوردستان به‌خشی بووایه، ده‌یانتوانی یانیش هه‌وڵیان ده‌دا وه‌ریبگرنه‌وه یان له ناوی به‌رن، به‌ڵام كه خاوه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نین و به‌ڵكو له ده‌ستوور چه‌سپێندراوه هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه، بۆیه بۆیان ناكرێت ئه‌و مافه كه به خوێنی سه‌د ساڵی رابردوو دروست بووه له هه‌رێمی كوردستانی بسێننه‌وه. بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدڕاڵیشی به كۆپی هه‌مان عه‌قڵیه‌تی شۆڤێنی رژێمه‌كانی پێشوو ناو برد.