ته‌واو، بارسێلۆنا و مانچێسته‌ر سیتی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی براڤۆ رێككه‌وتن
پێنجشه‌ممه براڤۆ به‌ره‌و مانچێسته‌ر گه‌شت ده‌كات
K24- هه‌ولێر
یانه‌كانی بارسێلۆنای ئیسپانی و مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كلاودیۆ براڤۆ رێككه‌وتوون و رۆژی پێنجشه‌ممه گۆڵپارێزه چیلییه‌كه به‌ره‌و شاری مانچێسته‌ر گه‌شت ده‌كات.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكرده‌وه، مان سیتی و بارسا رێككه‌وتوون به‌رامبه‌ر 25 ملیۆن یۆرۆ براڤۆ بگوازنه‌وه، 5 ملیۆن یۆرۆی دیكه‌شیان وه‌كو پاداشت داناوه و گۆڵپارێزه چیلییه‌كه بۆ ماوه‌ی چوار وه‌رز رووده‌كاته ریزه‌كانی سیتیزنس.
له ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌فته‌یه پیپ گواردیۆلا له یه‌كه‌م گه‌ڕی پرێمه‌رلیگ به‌رامبه‌ر سه‌نده‌رلاند به شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی به جۆ هارت نه‌كرد و ویلی كارباییۆی كرده سه‌ره‌كی، به‌مه‌ش راهێنه‌ره ئیسپانییه‌كه سه‌ڵماندی كه پێویستی به گۆڵپارێزێكی دیكه‌یه، له به‌رامبه‌ریشدا تێرشتیگن هه‌ڕه‌شه‌ی رۆیشتنی له بارسا ده‌كرد، ئه‌گه‌ر بۆ وه‌رزی نوێ نه‌بێته گۆڵپارێزی سه‌ره‌كی و شوێنی براڤۆ نه‌گرێته‌وه.