فاینانشیاڵ تایمز: ئەمەریکا بە ناراستەوخۆ داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی دژی لە ئێران کردووە
K24 – هەولێر:
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەخۆی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییەکان لە دەریای سوور.
رۆژی چوارشەممە (13ـی ئاداری 2024) رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بڵاویکردووەتەوە، دانوستانە نهێنییەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، هەوڵێکە بۆ رازیکردنی تاران بۆ بەکارهێنانیب هەژموونی خۆی لە ناوچەکە بۆ راگرتنی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانوستانەکاندا، ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە فراوانبوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەربڕیوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لە میرنشینی عومان ئەنجامدراوە، کە ئەمەش یەکەم گفتوگۆی نێوان هەردوولا بووە لە 10 مانگی رابردوودا.
فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرایکردووە، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک بووە و شاندی ئێرانیش لەلایەن عەلی باقری کانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە هاوکات دانوستکاری باڵای بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، سەرۆکایەتی کراوە.
ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە روونیکردووەتەوە، ئیدارەی بایدن هەوڵیداوە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ نەیارەکانیدا بەکاربهێنێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو شەپۆلەی لە ناوچەکە لە دژی ئامانجەکانی ئەمەریکا لە دوای جەنگی غەززە سەریهەڵدا.
لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانیش، فاینانشیاڵ تایمز روونیکردووەتەوە کە وابڕیاربوو لە مانگی شوبات بەڕێوەبچێت بەڵام بەهۆی سەرقاڵی ئەمەریکا بۆ راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نیوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتە بەدیلگیراوەکانی لای حەماس.
هەروەها فاینانشیاڵ تایمز باسی لەوەشکردووە، دوایین دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران بۆ مانگی ئایاری 2023 دەگەڕێتەوە و بەڵام دوای هێرشەکانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بووەهۆی ئاڵۆزبوونی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی هەردوولا، بەتایبەتی هاتنەئارای پێشهاتی دروستکردنی مەترسی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.
هاوکات راپۆرتەکە ئاماژە بە نیشانە ئەرێنییەکانی دانوستانەکان کردووە کە تاران هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ واشنتن داوە لەوکاتەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لەسەر سنووری ئوردن و سوریا بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی.