سێ حزبی کوردستانی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکدەهێنن
K24 – هەولێر:
هەریەکە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هاوپەیمانییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و محەممەد حاجی مەحموودیش سەرۆکی لیستەکە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی نێوان ئەو سێ حزبەی راگەیاند.
محەممەد حاجی مەحموود رایگەیاند: هەریەکە لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەژێر ناوی "هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان" بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن.
پێشتریش هەریەکە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان، پارتی رەنجدەرانی کوردستان و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود "هاوپەیمانی سەردەم"ـیان راگەیاند بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود سەرۆکی لیستەکە دەبێت.
رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لەلایەن كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکهاتووە؛ بەشێوەیەک هەولێر (34 کورسی)، سلێمانی (38 کورسی)، دهۆک (25 کورسی) و هەڵەبجە (3 کورسی).
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 405 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگدەرانی لەدایکبووی ساڵی 2006ـەوە کە ژمارەیان 150 هەزار دەنگدەرە و لەو ژمارەیەشدا، نزیکەیی دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.