چانسی یانەکان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ
دوای یەکلایی بونەوەی چارەنوسی یانەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ماڵپەری ئۆپتا چانسی ئەو هەشت یانەیەی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە بڵاوکردووەتەوە و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگڵتەرا، زۆرترین چانسی هەیە.
دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ماڵپەری ئۆپتا پێشبینی و شیکاریی بۆ چانسی بەدەستهێنانی ناسناوەکە لە نێوان یانەکان بڵاوکردەوە، لە پێشبینی و شیکاریەکەی ئەو ماڵپەرە دەردەکەوێت، یانەی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، زۆرترین چانسی بۆ بردنەوەی ناسناوی ئەم وەرزە بە ڕێژەی 32.3% هەیە.
لە پلەی دووەمیش یانەی ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرترین ناسناوی پاڵەوانتیەکە دێت، ئەو یانەیە بە رێژەی 16.87٪ چانسی بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەی هەیە. هەروەها لە پلەی سێیەمیش یانەی ئارسێناڵ ئینگڵتەرا بە رێژەی 13.9٪ و پلە چوارەمیش پاریس سانجێرمان بە رێژەی 11.80٪ چانسی بردنەوەی ناسناوەکەیان هەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم شیکاریە یانەی بارسێلۆنایە، ئەو یانەیە کە ساڵانی رابردوو بە تایبەت لە سەردەمی مێسی هەمیشە زۆرترین چانسی بەدەستهێنانی ناسناوەکەی هەبووە، لەم شیکاریەی ماڵپەری ئۆپتا دەردەکەوێت تەنها بە رێژەی 5.38٪ چانسی بردنەوەی ناسناوەکەی هەیە.