هێندەرسۆن: هەڵەم کرد چوومە خولی سعوودی
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بوو، کاتێک جۆردەن هێندەرسۆن ناوەڕاستکاری ئینگلیزی ریزەکانی یانەی، ئیتیفاقی سعوودی جێهێشت و گەڕایەوە ئەوروپا و پەیوەندی بە یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی کرد.
ناوەڕاستکارەکەی پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا، هاوینی رابردوو دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی، بڕیاریدا هاوشێوەی چەندان ئەستێرەی دیکەی ناوداری جیهانی، رووبکاتە خولی رۆشنی سعوودی و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە، بەڵام ئەزموونەکەی زۆری نەبرد و شکستی هێنا.
هێندەرسۆن سەرەڕای ئەوەی لە گرێبەستەکەیدا پارەیەکی خەیاڵی دەستدەکەوت، بەڵام بێ ئەوەی هیچ مووچەیەک لە یانە سعوودیەکە وەربگرێت، بڕیاریدا گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە و تەنها دوای شەش مانگ، ریزەکانی یانەکەی و خولی سعووی جێهێشت، پاشان بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی کرد.
ناوەڕاستکارە ئینگلیزیەکە لە نوێترین دەرکەوتنی سەباڕەت بە چوونی بۆ خولی رۆشنی سعوودی و هەروەها جێهێشتنی دەڵێت '' تێگەیشتم کە تۆپی پێ لە دەمارەکانمدا هەیە؛ تۆپی پێی سعودیە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام لەگەڵ من گونجاو نەبوو و هەڵەم کرد کە چوومە خولی ئەو وڵاتە. ئێستاش کە گەڕامەتەوە ئەوروپا و پەیوەندیم بە ئەیاکس کردووە، هەست بە دڵخۆشی دەکەم ''.