ئینتەر مەیامی دوو چانسی هەیە بۆ بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان

لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی ئینتەر مەیامی
لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی ئینتەر مەیامی

بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 مۆندیالی یانەکانی جیهان بۆ جاری یەکەم لەسەر شێوازە نوێیەکەی، بە بەشداری 32 یانە و بە میوانداریەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

مۆندیالی یانەکان بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بە بەشداری 32 یانە لە رێکەوتی 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمووزی ساڵی 2025 پێش بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا دەکرێت. یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، چانسی ئەوەی هەیە، بۆ جاری یەکەم بەشداری پاڵەوانتیەکە بکات.

مێسی و هاوڕێکانی لە ریزەکانی یانە ئەمریکیەکە دوو چانسیان هەیە بۆ بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان، چانسی یەکەمیان بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئەمریکایە. ئینتەر مەیامی ئەم وەرزە بە باشی دەستی بە خولی نێوخۆیی کردووە و لە کۆی 4 یاریی خاوەنی دوو بردنەوە و دۆڕانێک و بەرامبەربونێکن و بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گرتووە.

چانسی دووەمیشیان بەدەستهێنانی ناسناوی جامی کۆنکاکافە. ئینتەر مەیامی ئەم وەرزە بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە جامەکە دەکات، لە قۆناغی شازدە توانی بە بردنەوەی لە ناشڤێل سەرکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی، مێسی و هاوڕێکانی ئەگەر نەتوانن ناسناوی خولی ئەمریکا بەدەست بێنن، ئەوا چانسێکی دیکەیان لەبەردەمە بۆ بەشداری کردن لە جامی جیهانی یانەکان، ئەویش بەدەستهێنانی ناسناوی جامی کۆنکاکافە.

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پێشتر سێجار بە درێسی بارسێلۆنا بەشداری جامی جیهانی یانەکانی کردووە، ‌هەرسێجارەکەش توانیویەتی ناسناوەکە لەگەڵ یانەکەی پێشووی بەدەست بێنێت.