بەرهەم ساڵح: پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران پەرەپێبدەین
K24 - ھەولێر
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، رایگەیاند: "پێویستە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئێران پەرەپێبدەین و لەبارەی داهاتووی چارەنووسی کوردستانیشەوە لەگەڵ تاران و بەغدا گفتوگۆبکەین".
لەبارەی حەشدی شەعبی و بەشداری کردنی لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بەرهەم ساڵح گوتی: "حەشدی شەعبی هێزێکی عێراقییەو ڕۆڵی کارای هەیە لەوەی لەسەر خاکی عێراق روودەدات و بەفەتوای گەورە مەرجەعی باڵا عەلی سیسیتانی دروست بووە".
ئەمە لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرھەم ساڵح سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئێران كۆبوونەوە.