چیا قاسم: حکوومەتی فیدراڵی عێراق میراتگری رژێمی بەعسە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، پێویستە پشتیوانیی کەرتی تایبەت بکرێت، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە یاخود حکومەتی فیدراڵ کە حکوومەتی میراتگری رژێمی بەعسە، کە ئەوەش یەکێکە لە هۆکانی تێکچوون و رووخاندنی ژێرخانی ئابووریی هەڵەبجە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئاداری 2024، لە دیبەیتێکی کوردستان24دا، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی پارێزگای هەڵەبجە کە بنەمایەکی زۆرباشی هەیە، سێکتەری گەشتوگوزارە، ژێرخانێکی باشی دەبێت ئەگەر لە ڕێگەی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت و حکوومەتەوە پاڵپشتی بکرێت.
بە گوتەی ئەو"هەڵەبجە سەرجەم رەگەزەکانی گەشتوگوزاری تێیدا هەیە، لە ئایینی، رامیاری، تەرفیهی، چارەسەری، و چەندین تەریقەتیشمان هەیە لە پارێزگای هەڵەبجەدا، تەریقەتی نەقشبەندی، ئایینی یارسان و کاکەییەکانمان هەیە و چەندان شوێنەواری مێژوویی و فەرهەنگیمان هەیە، کە زۆر گرنگە بایەخیان پێ بدەین و نۆژەنییان بکەینەوە".
چیا قاسم گوتیشی "پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، چەند کارێک کراوە لە رێگەوبان و کارەبای نیشتمانی، بەڵام هێشتا لە ئاست پێداویستی شارەکەدا نیین. ئێمە بەردەوام پلان و پڕۆژەی خۆمان هەبووە، یەکێک لە کارەکان ئەوەیە کە بتوانین کەرتی گەشتوگوزار ببەینە قۆناغێکی نوێوە سێكتەری وەبەرهێنانە، کە دەبێت حکوومەت سەرمایەداران لە هەڵەبجەدا وەبەر بخەن لە سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، کە تێرمێکی تازە هاتووە بۆ کوردستان ئەویش تێرمی گەشتوکاڵە کە ئەو تێرمە زۆر گونجاوە بۆ ئێرە".
دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە بەردەوامی پەیوەندیمان هەیە و ئاگامان لە بابەتەکان هەیە، پێویستە پشتیوانیی کەرتی تایبەت بکرێت، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یاخود حکومەتی فیدراڵ کە حکوومەتی میراتگری رژێمی بەعسە، کە ئەوەش یەکێکە لە هۆکانی تێکچوون و رووخاندنی ژێرخانی ئابووریی هەڵەبجە".
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، پێویستە زۆر پشتیوانی کەرتی تایبەت بکرێت یاخود دابینکردنی قەرزی بچووک، مامناوەند و درێژخایەنەوە، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەتیش قۆناغێک برواتە پێشەوە، هاوشانی کەرتی وەبەرهێنان.
ئەوەشی خستە ڕوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد، پڕۆپۆزەڵێکی بە بڕی یەک ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئانیش زۆر گرنگ بۆ ناوچە گەشتییارییەکان پێشکەشی سەرۆکوەزیران کردووە، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێ دەکەین کە یەکێک لە پڕۆژەکان ناوچەی هەورامانە کە ئێستە رێگاوبانەکەی زۆر خراپە و کێشەی کارەبای نیشتمانیمان هەیە.
لە درێژەی گوتەکانیدا چیا قاسم ئاشکرای کرد: "لەوسەد هەزار چوار گۆشەیە خزمەتگوزارییە بۆ ناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەکانە، یەکێک لە کارە زۆر گرنگە هەنووکەییەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر گرنگە بیکات پردی توەقوت کە ئەگەر بێت و تەواو بێت و بگاتە ئەنجامێک دەبێتە پڕۆژەیەکی گەشتیاری کردنی ئەو ناوچەیە، چونکە ڕووبەرێکی ئاوی و ناوچەیەکی فراوان و دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە ناوچەی نەورۆڵی، هەتا ئێستا نەمانتوانیوە وەکو ناوچەیەکی گەشتیاری سوودی لێ ببینین، تەنیا لە کاتێکی دیاریکراوی وەرزی بەهاردا نەبێت چونکە کارەبای نیشتمانی و رێگاوبانی بۆ دابین نەکراوە".
دەشڵێت "تەواو کردنی پردی تووەقوت یەکێکە لە ڕێگە هەرە زۆر باشەکان بۆ هاتنی گەشتیار، لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە و ناوچەی گەرمیان بە کوێستانەوە دەبەستێت، لەگەڵ کار ئاسانیکردنی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە گشتی هەروەها لە 100% کاریگەری دەبێت لەسەر گەشتیار، چونکە تێچوویەکی کەمتری دەوێت لەگەڵ کاتێکی کەمتر تا دەگەنە پارێزگای هەڵەبجە، لە هەمانکاتدا گرنگتریینیان بۆ ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە گەشتیاریکردنی دەریاچەی سیروانە، و یەکێک لە پلانەکانەکەمان کە لەبەرنامەماندا هەیە، کە چاومان بە سەرۆکوەزیران بکەوێت بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی ڤیستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی دا، ئێستا وەکو نەریتێک شارێک یان ناوچەیەکی کوردستان بە کارێک بەناوبانگە ئێمەش وەک هەڵەبجە بە هەنارمان هەیە دەمانەوێت بۆ دەیەمین ساڵی بکرێت بە نێودەوڵەتی.
رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازیئ کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.
بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە، لە دوای کیمیابارانکردنە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.
هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و پەنابردنە خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.