مەسروور بارزانی: هیوادارم هەرچی زووترە بە سەربەخۆیی کوردستان شادبین

پیرۆزبایی لە دایکبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دەکات

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆژی لە دایکبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ھەردوو بۆنەکە ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: "پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانتان لێ دەکەم. خۆم بە سەربەرز و سەرفراز دەبینم کە وەک زۆرێک لە پێشمەرگە و کادیران، لە خزمەت بەرێزتان فێری کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدان بووین. شانازیتان پێ دەکەم کە بە هەموو تەمەنی خۆتان خزمەتی کوردستانتان کردووە. تا ماوم خۆم بە قەرزداری دڵپاکی و دڵفراوانی و دڵسۆزی و گەورەیی بەرێزتان دەزانم".

ھەر لەو پەیامەدا مەسروور بارزانی رایگەیاندووە: " لەم رۆژەدا کە یادی 70 ساڵ خەبات و قوربانیدانی پارتی دەکەینەوە، دڵنیام بە رابەرایەتی بەرێزتان پارتی دیموکراتی کورستان بەهێزتر لە جاران لە تێکۆشان بۆ بەدەست هێنانی ماف و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت ، هەروەها دەڵێت هیوادارم بە سەرۆکایەتی جەنابتان هەرچی زووتر ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەمان بێتە دی و بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین".

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە

"باوکی خۆشەویست و ئازیزترین کەس و سەرۆک و پێشمەرگەی کوردستان، بە بۆنەی ساڵرۆژی لە دایکبوونی جەنابت و یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای هیوای تەمەندرێژی بۆتان، لە خوای گەورە دەپارێمەوە هەمیشە پارێزراو و سەرکەوتوو بن .

پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانتان لێ دەکەم. خۆم بە سەربەرز و سەرفراز دەبینم کە وەک زۆرێک لە پێشمەرگە و کادیران ، لە خزمەت بەرێزتان فێری کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدان بووین. شانازیتان پێ دەکەم کە بە هەموو تەمەنی خۆتان خزمەتی کوردستانتان کردووە. تا ماوم خۆم بە قەرزداری دڵپاکی و دڵفراوانی و دڵسۆزی و گەورەیی بەرێزتان دەزانم.

لەم رۆژەدا کە یادی ۷٠ ساڵ خەبات و قوربانیدانی پارتی دەکەینەوە ، دڵنیام بە رابەرایەتی بەرێزتان پارتی دیموکراتی کورستان بەهێزتر لە جاران لە تێکۆشان بۆ بەدەست هێنانی ماف و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.

هیوادارم بۆ ئەوەی روحی بەرزەفڕی شەهیدان ئاسوودە بێت و رەنج و تێکۆشان و خۆراگریی گەلەکەمان بە فیڕۆ نەچێت، بە سەرۆکایەتی جەنابتان هەرچی زووتر ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەمان بێتە دی و بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین".

مەسرور بارزانی

١٦/٨/٢٠١٦