قەیرانی دارایی خەڵکی بەغدای ناچار کردووە ڕوو لە کڕینی کاڵای بەکارهاتوو بکەن

K24 - هەولێر

زیادبوونی رێژەی هەژاری و بێکاریی لە عێراق وایکردووە بازاڕی لەنگەی بەغدا لەو ڕۆژانەی دواییدا کڕیاری زیاتر بەخۆوە ببینێت. ئابووریناسێکیش دەڵێت، ئەوە نیشانەی کەمبوونەوەی توانای کڕینە لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقی، چونکە دەستکەوتی ڕۆژانەیان بەشی کڕینی خواردنەکەشیان ناکات.

لەو بازاڕەی کە دەکەوێتە ناوچەی باب ئەلشەرقیی بەغدا، کەلوپەلی بەکارهاتوو یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت "بالە" بەرچاو دەکەوێت. دیمەنەکان وا نیشان دەدەن، ڕێژەی سەردانیکەرانی ئەم بازاڕە لە پێشووتر زیاترە. ئەوانەی لێرە کارەدەکەن دەڵێن: قەیرانی ئابووری و دۆخی قورس وای لە کڕیارەکان کردووە پەنا بۆ ئەم جۆرە بازاڕەنە بهێنن.

ئەبو کازم یەکێکە لە فرۆشیارەکانی ئەم بازاڕە، فەرشێکی داخستووە و مستیلە و بەردی جوانکاری دەفرۆشێت، بەدڵتەنگییەوە باس لە دۆخی هاووڵاتیەکانی ئەم بازاڕە دەکات.

ئەبو کازم، فرۆشیار لە بازاڕەکە دەڵێت:"خەڵک لێرە کراسێک بە هەزار دینار یاخود دوو هەزار دینار دەکڕن، بەڵام ئەگەر بچن بۆ ناوچەکانی دیکە کراسێک بە 16 هەزار دینار دەکڕن. بەخودا هەرگیز هێندەی ئەم ساڵانەی دوایی هەژاری باو نەبوو. بەم فەرشەوە کاتژمێر پێنجی بەیانی دێمە ئێرە، بەدەست بەتاڵیش دەگەڕێمەوە".

کەمبوونەوەی کرێ کار و نزمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی حکومەتەوە، کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە، هەر لەبەر ئەوە ناتوانن کەلوپەل و شتومەکی نوێ بکڕن و چاری دیکەیان نییە جگە لەوەی بێن بۆ بازاڕی لەنگە.

قاسم حوسێن، پسپۆڕی ئابووریی باس لەوە دەکات، "خەڵک دەچن بۆ بازاڕی لەنگە، چونکە داهاتەکەیان بەشی ئەوەندە ناکات شتومەکی نوێ و خواردن و خواردنەوەشی پێ بکڕن".

قەرەباڵغیی بازاڕی لەنگە وەک پسپۆڕانی ئابووری باسی دەکەن، ڕەنگدانەوەی دۆخی قورسی ژیانی زۆرێک لە هاووڵاتیانی عێراقە، لەبەر ئەوە خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان دێنە ئەم جۆرە بازاڕانە.

Fly Erbil Advertisment