بانکی جیهان نزیکەی 132 هەزار هەژماری لە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووەتەوە

عیسا عەبدولەتیف
عیسا عەبدولەتیف

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' لە بانکی جیهان ڕایگەیاند: ئێمە تا ئێستە نزیکەی 132 هەزار هەژمارمان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووەتەوە.

عیسا عەبدولەتیف، بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی دیجیتاڵ بانکینک لە بانکی جیهان و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' لەو بانکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە تا ئێستە نزیکەی 132 هەزار هەژمارمان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەدا 90 کارتەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، ئەوەشی پەیوەستە بە 'ATM'ـەکانەوە، بەردەوامین لە ڕێکخستنی بەشی یەکەمی ئەو 'ATM'نە، دەشڵێت: 20 بانکی ئەهلی بەشدارن لەو پڕۆژەیە، ئێمەش ڕەنگە لە هەفتەی داهاتووشەوە پشکی دووەمەوە بخەینە جێبەجێکردنەوە.

باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکەی ئێمە وەکو بانکی جیهان تەواوی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە بە هەموو قەزاو ناحیەکانەوە، هەروەها نزیکەی 80 بانکی جیاواز و ئەهلی لەناو هەولێردا هەیە.

ئەو بەرپرسەی بانکی جیهان گوتیشی: ئێمە سەرەتا بە چوار بەش کارەکانمان دەکەین ، بەشی یەکەم ڕیزبەندییەکەی تەواو بووە، هەروەها بەشی دووەمی خەریکە جێبەجێ دەکەین، بەشی سێیەمیش لە ناوچەکانی دەرەوەی هەولێر دەبێت، وەکو ناوچەکانی سۆران و کۆیە و ڕانیە و ڕۆڤیا و ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوورەکانی هەولێرەوە.

عیسا ڕاشیگەیاند: ئێمە وەکو بانکی جیهان لە دهۆک و سلێمانی دەستمان کردووە بە تۆمارکردن پڕۆژەی هەژماری من، ئەو کارتە بانکییانە کاردانەوە دروست دەکەن، هەروەها دەتوانن ئەو کارتە بۆ کڕینی کەلوپەلیش لە مارکێتەکان و ئینتەرنێت بەکار بهێنن.

جەختیشیکردەوە، نزیکەی 1500 فەرمانبەرمان هەیە چوونەتە کڕینی ئۆنڵاینەوە، هەروەها دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە لە زۆر خزمەتگوزاری سوودمەند بن.

هەژماری من

دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاردەکرێت لەسەر دابینکردنی 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات تەواوی بەشداربووانی پرۆژەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.

ڕاگەیاندنی پرۆژەی هەژماری من

لە ڕاگەیاندنی ئەو پرۆژەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەژماری من؛ ڕێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن کە لە پتر لە هەزار شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

هەروەها لە طێگەی هەژماری منەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات؛ لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راشیگەیاند، هەژماری من؛ یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو.

سوودەکانی پرۆژەی هەژماری من

پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئاسانکاریی لە مامەڵە داراییەکان و سەلامەتی هەژمارە بانکییەکان وەک بنەمای سەرەکی ئەو پرۆژەیە دانراوە.

 لە سوودەکانی هەژماری من بۆ هاووڵاتییان، پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.

هاوکات مەترسیی بردنی مووچە و پاشەکەوت ناهێڵێت و  دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان و دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزەوە و دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی ئاسان دەکات.

لە سوودە ئابوورییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکی دا هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە و خەرجییەکانی بەکاربەرانیش زیاتر دەکات بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی.

ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا، لەپێناو ڕایی کردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش و دەستپێکردنی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەهێنێتە کایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی (23ـی ئایاری 2023)، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، کەرتی بانکیی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم پرۆژەیە و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.