بارسێلۆنا چاوی لەسەر هێشتنەوەی چاڤیە
ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی بارسێلۆنا، بەرپرسانی ئەو یانەیەی ناچار کردووە واز لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکەیان بێنن، چاوەڕێش دەکرێت هەوڵەکانی داهاتووی بەرپرسانی ئەو یانەیە، رازی کردنی راهێنەرەکەیان بێت بۆ مانەوە.
چاڤی هێرناندێز پێداگیرە لەسەر بڕیارەکەی بۆ جێهێشتنی یانەکەی دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، بەڵام دەرگای مانەوەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و لە هەر کاتێکدا ئامادەیە گفتوگۆی نوێ لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی بکات، هەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکەی، دێکۆ بەرێوەبەری وەرزشی یانەکەی راسپێرێت، بۆ هێشتنەوەی راهێنەرەکەیان.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، چەند سیناریۆیەک هەن کە وادەکەن چاڤی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا بەردەوام بێت، یەکەم سیناریۆش ئەوەیە، ئەو یانەیە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت.
سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، لە یارییەکەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە یاریی کلاسیکۆ، ئەگەر چاڤی توانی ئەنجامە دڵخوازەکەی هاندەرانی بەدەست بێنێت، دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ مانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان، رەنگە هەر ئەو کاتە خودی هاندەران بەرپرسانی یانەکەیان ناچار بکەن، رێگە بە چوونی نەدەن.
یەکێکی دیکە لە سیناریۆکانیش ئەوەیە ئاست و ئەنجامی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیایە لە چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا ئەم وەرزە لە کاتێکدا گەیشتووەتە قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانتیەکە، دەرفەتێکی باشی بۆ درووستبووە کە بە ئاسانی خۆی بگەینێتە یاریی کۆتایی.
لە کۆتاییدا یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی مانەوەی چاڤی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا، بارودۆخی دارایی یانەکەیەتی، لەبەر ئەوەی لەو ماوەیە کە راهێنەرایەتی یانەکەی کردووە، کارگێری یانەکەی نەیانتوانیوە لە ئاست داواکارییەکانی ئەو یاریزانانەی کە پێویستە بۆی بگوازنەوە.