سەنگاپوور خێراترین ئینتەرنێتی لە جیهاندا هەیە

ئینتەرنێتی جیهان
ئینتەرنێتی جیهان

K24- هەولێر

کۆمپانییەکی ئینەرنێتی بەریتانی شیکاریی ئینتەرنێتی بۆ 200 وڵات کردووە و تێیدا سەنگاپوورە لە ڕێزبەندی یەکەم و عێراقیش لە لیستی خێرایی ئینتەرنێتدا نییە.

لە هەواڵێکی پێگەی " nyteknik "ـی سویدی بڵاوی کردووەتەوە، خێرایی ئینتەرنێت لە نێوان شوێن و وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا دەگۆڕێت و ڕەنگە لەناو هەمان وڵاتدا جیاوازی هەبێت. هەر بۆیە کۆمپانیایەکی شیکاریی بەریتانی "کەیبڵ" لە 200 وڵاتدا شیکاریی خێرایی ئینتەرنێتی کردووە و بەپێی تێکڕای خێرایی وڵاتەکە ڕیزبەندی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی خێرایی ئینتەرنێت جیهاندا، سنگاپوورە بە پلەی یەکەم لە لوتکەی ڕیزبەندییەکە دێت، کە بەتێکڕای 11 خولەک و 18 چرکە دەخایەنێت بۆ دابەزاندنی فیلمێکی پێنج گێگا بایتی بە شێوەی HD، لە کاتێکدا سوید کە لە ڕیزبەندی دووەمە بە 14 خولەک و 50 چرکە بۆ دابەزاندنی فیلمێکی پێنج گێگا بایتی بە شێوەی HD  دێت، دانیمارک لە ڕیزبەندی سێیەم و نەرویجیش ڕیزبەندی چوارەمە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو وڵاتەی گەورەتر و پێشکەوتوتربێت، خێرایی ئینتەرنێتی خاوتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا دۆخەکە لە وڵاتە بچووکەکاندا باشترە. ئەوەی جێی سەرنج بێت ئەمەریکا لە دوای وڵاتانی وەک ئەندۆرا و لاتڤیا و لیتوانیا لە لیستەکەدا لە ڕیزبەندی 20مدایە. بەوەی ئەگەر لە ئەمەریکا فیلمێکی پێنج گێگابایتی دابەزێنیت 26 خولەک و 24 چرکەت پێ دەچێت.

جێگای سەرنجە عێراق ناوی لە لیستەکەدا نییە. ئەمەش واتای ئەوە دەگەینێت عێڕاق بە خراپترین وڵات دادەنرێت لە ڕووی دابینکردنی ئینتەرنێتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە یەمەن کە لەڕووی خزمەتگوزاری و ئابووریشەوە بە خراپترین وڵاتی کەنداو دادەنرێت، لە ڕیزبەندەکەدا پلەی کۆتایی وەرگرتووە.