توركیا 38 هه‌زار زیندانی ئازاد ده‌كات
زیندانیانی سیاسی كورد نایانگرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر
پاش شكستی كوده‌تای 15 ته‌موز له توركیا، ئه‌گه‌ری ده‌ركردنی لێبورینی گشتی بووه رۆژه‌ڤی گشتی توركیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و میدیا.
وه‌زیری دادی توركیا به‌كر بۆزداغ له ئه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر نووسیوه 38 هه‌زار كه‌س له چوارچێوه‌ی هه‌مواركردنی نوێ ئازاد ده‌كرێن كه تا به‌ر له یه‌كی ته‌موزی 2016 مه‌حكوم كراون.
گوتیشی ئه‌و 38 هه‌زار كه‌سه له قوناغی یه‌كه‌می هه‌مواركردنه‌وه ئازاد ده‌كرێن كه له دوو قوناغ پێكهاتووه.
وه‌زیری دادی توركیا گوتی ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێت لێبوردنی گشتی نییه و ئازادكراوان له ده‌ره‌وه‌ی زیندان له ژێر چاودێری دا ده‌بن.
به هه‌زاران هاوڵاتی كورد له سیاسه‌تمه‌دار، رۆژنامه‌نووس، هه‌ڵبژێردراوانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان و ئه‌ندامی و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه و هه‌ده‌په له زینداندان، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌وانه ئازاد ناكرێن.
به‌كر بۆزداغ سه‌باره‌ت به ئه‌وانه‌ی كه پرۆسه‌ی ئازادكردن نایانگرێته‌وه، گوتی ئه‌وانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی یاسای شه‌ڕی دژی تیرۆر گیراون، نایانگرێته‌وه.
ته‌واوی زیندانییه سیاسییه‌كانی كورد له توركیا و باكووری كوردستان، به تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی یان پروپاگه‌نده بۆ په‌كه‌كه گیراوان كه له یاسای توركیادا به تیرۆر ناسراوه.