مامۆستایەك: مامۆستایانی ناڕازی ئەجێندای ناحەزانی ھەرێم جێبەجێ دەکەن

K24 – سلێمانی:
مامۆستایەک ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوانەی لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی هەڵدەپەڕین کە گوایە ئیدی مووچە دوا ناکەوێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا لێیان دەپرسین کوا مووچەکانیان!.
هەرێم جەمال، مامۆستا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مامۆستایانی ناڕازی هەندێک جار بە ناوی کۆی گشتیی مامۆستای هەرێمی کوردستان قسە دەکەن کە بەڕاستی ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی بەشێکی زۆری مامۆستایان.
ئەو مامۆستایەی شاری سلێمانی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک لە مامۆستایان بەشدارییان لە پڕۆژەی 'هەژماری من'ـدا کرد، بەڵام دەستێک هەیە لەنێو مامۆستایان کە دەیانەوێت بارودۆخەکە بەرەو هەڵدێر ببەن، هەر چەندە ئەم دەستەی کە دەیەوێت ئاژاوە دروستبکات گوزارشت لە رای هەموو مامۆستایانی سنووری سلێمانی ناکات.
هەرێم جەمال، ئاماژەی بەوەدا، "خەڵکانێک هەن کە دەیانەوێت ئاژاوە دروستبکەن شەقامیش باش ئەو خەڵکانە دەناسێت، بە قسەی هەندێک لایەن کە دەست لە پشتیان دەدرێت هاندەدرێن بۆ ئەوەی ئەجێندای ناحەزانی هەرێم دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن".
ئەو مامۆستایەی شاری سلێمانی گوتی: "لە داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرمەشقی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و خەونی هەموو دوژمنان لە گۆڕ دەنێت، چونکە دوژمنان ئامانجیان ئەوەیە کە جارێکی دیکە خۆمان ڕادەستی بەغدا بکەین و هەستی نیشمانپەروەریی نەمێنێت لەناو ڕۆڵەکانی نیشتمانماندا، دەیانەوێت جارێکی دیکە نیشتمان پێشکەش بە حەشدی شەعبی بکرێت".
هەرێم جەمال، گوتیشی: ئەوانەی لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی هەڵدەپەڕین کە گوایە ئیدی مووچە دوا ناکەوێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا لێیان دەپرسین کوا مووچەکاتان!، لە دوای 20 ڕۆژ لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
ناوبراو هیواشی خواست، خەڵکانێک نەیەن بە ناوی مامۆستایانی ناڕازییەوە شەقامی هەرێمی کوردستان بکەن بە دوو بەشەوە، گوتیشی: "ئەو خەڵکانە نە بە کۆنگرە و کۆنفرانس نوێنەری ئێمەن، نە مافی ئەوەشیان هەیە بە ناوی ئێمەوە قسە بکەن".