سێنتکۆم: ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەند کۆگایەکی چەکی حوسییەکانمان لەناوبرد

K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و سێ شوێنی کۆگاکردن لە ژێر زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لەناوبردووە، جەختیشیکردەوە ئەو گرووپە چوار موشەکی بالیستی دژە کەشتییان بە ئاراستەی دەریای سوور هەڵداوە.
سێنتکۆم، لەپلاتفۆڕمی "ئێکس" ڕایگەیاندووە، "ڕۆژی هەینی 22ـی ئادار، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لەناوبردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، چوار مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتییان بەرەو دەریای سوور هەڵداوە.
سێنتکۆم ڕایگەیاندووە، " سێ شوێنی کۆگاکردنی چەک لە ژێرزەمیندا کە هی حوسییەکان بووە لە یەمەن لەناوبردووە، کە بۆ هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر کەشتییە دەریاییەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە بەکاریان دەهێنا".
سێنتکۆم ڕاشیگەیاند، "هێرشەکانی حوسییەکان تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا و نوقمبوونی کەشتییەکی بازرگانی کە بە شێوەیەکی یاسایی لە دەریای سوور دەپەڕییەوە، هەروەها پەککەوتنی یارمەتییە مرۆییەکان کە بەرەو یەمەن دەڕۆیشت، زیانی بە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژینگە گەیاندووە".