دلێر گەرمیانی هونەرمەند لە عەنکاوە بانگ دەدات
K24 - هەولێر
لە رەمەزانی ئەمساڵدا هونەرمەندی گۆرانیبێژ "دلێر عەبدولقادر" ڕۆژانە لە مزگەوتی کورانی عەنکاوە بانگ دەدات و سونەتە ئایینیەکانی جێبەجێ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئاداری 2024، دلێر عەبدولقادر،هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان 24ـی راگەیاند، بانگدان و رووکردنە دەرگاکانی مزگەوت جێبەجێ کردنی ئەرکێکی ئەخڵاقیەکانە و دەبێت مرۆڤ لە هەر شوێن و پلە و پایە و هونەریشدابێت ئەوە لە بیر نەکات لە دوایی دا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویسته کەرەستەیەک بۆ رۆژی دوایی خۆی ئاماده بکات و دنیاکەی تر بەدەست بێنێت نەک لەم دنیایە و تەمەنە کورتەدا وێڵ بێت بە دوای پارە و سامان دا، من بەش بە حاڵی خۆم بیرم نایەت رۆژێک نوێژێک یان رۆژووێکم چووبێت، تا لەم دنیایەش مابم پابەند دەبم بە ئەرک و سونەتە ئاینیەکان.
هەروەها لەنێو هاووڵاتییاندا دلێربە گەرمیانی ناسراوە و لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان وەک هونەرمەندێکی میللی بە چەندین گۆرانی هەڵپەڕکێ و دانیشتنە هونەرییەکان ناسراوە، بەڵام ئەوکات و ئێستاش هەمیشە نزیک بووە لە ئایین و خوداپەرستی، هەر ئەوەش وایکرد چەند گۆرانیەک بە ناوەکانی "یا رسول اللە"، "خودایە" بڵاوبکاتەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبوو.
دلێر ئێستا لە قەزای عەنکاوە و لە گەڕەکی کورانی سەر بەو قەزایە و نزیک لە ماڵی مەلا عەبدولقادری باوکی خەریکی بانگدانە.